یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: «شاری بابل وەک جۆخینێکە کاتی گێرەیەتی، پاش کەمێک کاتی بەرهەم دێت.» «نەبوخودنەسری پاشای بابل ئێمەی خوارد، ئومێدبڕی کردین، ئێمەی کردە گۆزەیەکی بەتاڵ. وەک ئەژدیها هەڵیلووشین، سکی خۆی پڕکرد لە چێژی ئێمە، ئینجا ئێمەی ڕشاندەوە.» دانیشتووانەکەی سییۆن دەڵێن: «ئەو ستەمەی لە ئێمە کرا بەسەر بابل بێت.» ئۆرشەلیم دەڵێت: «خوێنم لە ملی دانیشتووانی خاکی بابلە.» لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من داکۆکی لە کێشەکەت دەکەم، تۆڵەی تۆ دەکەمەوە، دەریاکەی وشک دەکەم، کانییەکانی کوێر دەکەمەوە. بابل دەبێتە تەپۆڵکە و داڵدەی چەقەڵ، پەند و مایەی تانە و تەشەر، شوێنێک ئاوەدانی تێدا نییە. پێکەوە وەک جوانە شێر دەنەڕێنن، وەک بەچکە شێرەکان دەمڕێنن. کاتێک گەرم دەبن، داوەتیان دەکەم و سەرخۆشیان دەکەم، بۆ ئەوەی دڵخۆش بن، ئینجا هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «وەک بەرخ دەیانبەم بۆ سەربڕین وەک بەران و نێری. «شێشەخ چۆن دەگیرێت، شانازی هەموو زەوی چۆن دەستبەسەر دەکرێت! چۆن وێران بوو، بابل لەنێو نەتەوەکان! دەریا بەسەر بابلدا هەڵدەچێت، بە هەڵچوونی شەپۆلەکانی دایدەپۆشێت. شارۆچکەکانی وێران بوون، بوونە بیابان و دەشتی ڕووت، خاکێک کە نە کەس تێیدا نیشتەجێ دەبێت و نە ئادەمیزاد پێیدا تێدەپەڕێت. لە بابل سزای بێل دەدەم و ئەوەی قووتی داوە لە دەمی دەهێنمە دەرەوە. ئیتر نەتەوەکان بەرەو لای ئەو ڕێچکە ناگرن، هەروەها شووراکانی بابل دەکەوێت. «ئەی گەلی من لەناویدا وەرنە دەرەوە! هەرکەسێک خۆی لە گڕی تووڕەیی یەزدان دەرباز بکات! ورە بەرمەدەن و مەترسن، کاتێک هەواڵی ئەو خاکە دەبیستن، هەواڵێک ئەم ساڵ دێت، ئینجا لە ساڵی پاشتر هەواڵێکی دیکە، هەواڵی ستەم لە خاکەکەدا و فەرمانڕەوا لە دژی فەرمانڕەوا. لەبەر ئەوە بێگومان ڕۆژێک دێت سزای بتەکانی بابل دەدەم، هەموو خاکەکەی شەرمەزار دەبێت و کوژراوەکانی لە ناوەڕاستی دەکەون. ئینجا ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندایە هاواری خۆشی بەسەر بابلدا دەکەن، چونکە لە باکوورەوە بۆی دێن، تەفروتوناکەرەکان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «دەبێت بابلیش لەبەر کوژراوەکانی ئیسرائیل بڕووخێت، وەک چۆن کوژراوەکانی هەموو زەوی بەهۆی بابلەوە کەوتن. ئەی دەربازبووان لە شمشێر، بڕۆن و مەوەستن! لە دوورەوە یادی یەزدان بکەنەوە، بیر لە ئۆرشەلیم بکەنەوە.»
یەرمیا 51 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەرمیا 51
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەرمیا 33:51-50
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان