ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان سەبارەت بە بابل و خاکی بابلییەکان لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی: «لەنێو نەتەوەکان جاڕبدەن و ڕایبگەیەنن، ئاڵا بەرز بکەنەوە و ڕابگەیەنن، هیچ مەشارنەوە، بڵێن، ”بابل دەگیرێت، بێل شەرمەزار دەبێت، مەرۆداخ وردوخاش دەبێت. پەیکەرەکانی شەرمەزار و بتەکانی وردوخاش دەبن!“ نەتەوەیەک لە باکوورەوە دێتە سەری، خاکەکەی وێران دەکات، ئاوەدانی تێدا نابێت، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ هەڵدێن.» یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانە و لەو سەردەمە، نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پێکەوە دێن، بەدەم ڕێگاوە دەگریێن و ڕوو لە یەزدان دەکەن، خودای خۆیان. پرسیاری ڕێگای سییۆن دەکەن و ڕووی تێ دەکەن. دێنەوە و بە پەیمانێکی هەتاهەتایی کە لەبیر نەکرێت، دەچنە پاڵ یەزدانی خۆیان. «گەلەکەم مەڕی ونبوو بوون، شوانەکانیان گومڕایان کردن، وێڵی ناو چیاکانیان کردن. لەنێو چیا و گردەکان دەگەڕان، جێی حەوانەوەی خۆیان لەبیر کرد. هەموو ئەوانەی تووشیان دەبوون لووشیان دەدان، دوژمنانیان گوتیان: ”ئێمە تاوانبار نین، لەبەر ئەوەی گوناهیان لە دژی یەزدان کرد، کە شوێنی حەوانەوەی ڕاستەقینەیانە، لە دژی یەزدان کە ئومێدی باوباپیرانیانە.“ «لە بابل ڕابکەن، خاکی بابلییەکان بەجێبهێڵن، وەک نێرییەکانی پێش مێگەل بن، چونکە ئەوەتا من کۆمەڵە نەتەوەیەکی گەورە لە خاکی باکوورەوە ڕادەپەڕێنم. ئەوان لە دژی بابل ڕیز دەبەستن، لە باکوور دەیگرن. تیرەکانیان وەک پاڵەوانی شارەزایە، بە دەستبەتاڵی ناگەڕێنەوە. خاکی بابل دەبێتە دەستکەوت، ئەوەی دەستی بکەوێت لێی تێر دەبێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «ئەی تاڵانکەرانی میراتەکەم، لەبەر ئەوەی دڵخۆش و شادمان بوون، وەک مانگایەک گەنم بکوتێت هەڵدەبەزنەوە و وەک ئەسپ حیلاندتان، دایکتان زۆر شەرمەزار دەبێت، ئەوەی ئێوەی بووە ڕیسوا دەبێت. دەبێتە دوایین نەتەوە، دەبێتە چۆڵەوانی و بیابان و دەشتی ڕووت. لەبەر تووڕەیی یەزدان ئاوەدان نابێتەوە و هەمووی دەبێتە چۆڵەوانی. هەرکەسێک بە بابلدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت و فیکە لێدەدات، لەبەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە. «ئەی هەموو کەوان ڕاکێشان، لە چواردەوری بابل ڕیز ببەستن. تیربارانی بکەن! دەست مەپارێزن، چونکە لە دژی یەزدان گوناهی کرد. لە هەموو لایەکەوە نەعرەتەی بەسەردا بکێشن! خۆی بەدەستەوە دەدا، قوللەکانی دەکەون، شووراکانی دەڕووخێن. لەبەر ئەوەی ئەمە تۆڵەی یەزدانە، تۆڵەی لێ بکەنەوە، چی کرد، ئەوەی پێ بکەنەوە. وەرزێر لە بابل ببڕنەوە و داس بەدەست لە کاتی دروێنە. لە ڕووی شمشێری ستەمکار، با هەریەکە بەرەو گەلەکەی خۆی بگەڕێتەوە، با هەریەکە بەرەو خاکی خۆی هەڵبێت. «ئیسرائیل مێگەلێکی پەرتەوازەیە، شێرەکان ڕاویان ناوە. سەرەتا پاشای ئاشور لووشی دا، ئینجا ئەمەی دوایی، نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئێسکەکانی هاڕی.» لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «من پاشای بابل و خاکەکەی سزا دەدەم، وەک چۆن پاشای ئاشورم سزا دا. بەڵام ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە ناو پاوانەکەی خۆی، جا لە کارمەل و باشان دەلەوەڕێت، لە شاخەکانی ئەفرایم و گلعادیش تێر دەخوات.» یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا و لەو سەردەمەدا، بەدوای تاوانی ئیسرائیلدا دەگەڕێن، بەڵام نییەتی، هەروەها بەدوای گوناهی یەهودا دەگەڕێن، بەڵام هیچ نادۆزنەوە، چونکە ئەوانەی کە دەیانهێڵمەوە لێیان خۆشدەبم.»
یەرمیا 50 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەرمیا 50
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەرمیا 1:50-20
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان