«بەناو شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا هاتوچۆ بکەن، ئێستا تەماشا بکەن و بزانن، لەناو گۆڕەپانەکانی بگەڕێن. ئەگەر یەکێکتان بینییەوە دادپەروەر بێت و بەدوای ڕاستیدا بگەڕێت، ئەوا من لەم شارە خۆشدەبم. هەرچەندە دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو،“ هێشتا بە درۆ سوێند دەخۆن.» ئەی یەزدان، ئایا چاوت بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت؟ لێت دان بەڵام ئازاریان پێ نەگەیشت، تێکت شکاندن بەڵام ڕەتیانکردەوە تەمبێ بکرێن. ڕووی خۆیان لە بەرد ڕەقتر کرد، تۆبەکردنیان ڕەتکردەوە. بەڵام من گوتم: «ئەوانە هەژارن، نەزان بوون، چونکە ڕێگای یەزدان ناناسن و نازانن خودا داوای چییان لێ دەکات. کەواتە دەچمە لای گەورە پیاوان و قسەیان لەگەڵ دەکەم، بێگومان ئەوان ڕێگای یەزدان دەناسن و دەزانن خودا داوای چییان لێ دەکات.» بەڵام ئەوان پێکەوە نیریان شکاند، بەندیان پساند. لەبەر ئەوە لە دارستان شێر هێرشیان دەکاتە سەر، گورگی بیابان دەیانفەوتێنێت، پڵنگ لە دەوری شارۆچکەکانیان خۆی مات دەدات، تاکو ئەوەی لێی بێتە دەرەوە پارچەپارچەی بکات، چونکە یاخیبوونەکانیان زۆربوون، هەڵگەڕانەوەکانیان گەورە بوون. «بۆچی دەبێت لێت خۆشبم؟ کوڕەکانت وازیان لێ هێنام و سوێند بەوە دەخۆن کە خودا نییە. کە تێرم کردن، داوێنپیسییان کرد، پاڵەپەستۆیانە بۆ ماڵی لەشفرۆش. بوون بە ئەسپی خورت و بە عیتە، هەریەکە بەسەر ژنی برادەرەکەیدا دەحیلێنێت. ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟ ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «سەربکەونە سەر پەرژینی ڕەزەمێوەکان و تێکیان بدەن، بەڵام بە تەواوی مەیفەوتێنن. لقەکانی لێ بکەنەوە، چونکە هی یەزدان نین. بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا بە تەواوی ناپاکییان لێکردم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. درۆیان بە دەمی یەزدانەوە کرد، گوتیان، «ئەو هیچ ناکات! بەڵامان بەسەرنایەت، شمشێر و قاتوقڕی نابینین. پێغەمبەرەکان بوون بە هاژەی با، وشەکە لەواندا نییە، ئەوەی گوتیان بەسەریان دەهێنرێت.»
یەرمیا 5 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەرمیا 5
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەرمیا 1:5-13
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان