لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 23:49-39

یەرمیا 23:49-39 KSS

بۆ دیمەشق: «حەمات و ئەرپاد شەرمەزار بوون، چونکە هەواڵێکی خراپیان بیست، لە ترسان توانەوە، وەک دەریا شڵەژاون و ئارام نابنەوە. دیمەشق هێزی لەبەر بڕا، ڕووی وەرگێڕا بۆ هەڵاتن، شڵەژا و تانگەتاو بوو وەک ژنی ژانگرتوو. چۆن واز لە شارە بەناوبانگەکە نەهێنرا، ئەو شارۆچکەیەی کە شوێنی شادی من بوو! بێگومان لەو ڕۆژەدا، لاوەکانی لەناو شەقامەکان دەکوژرێن، هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. «ئاگرێک لە دیواری دیمەشق بەردەدەم، قەڵاکانی بەن‌هەدەد دەخوات.» بۆ قێدار و شانشینەکانی حاچۆر، ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لێیدا: یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەی بابلییەکان، هەستن هێرش ببەن بۆ قێدار، خەڵکی ڕۆژهەڵات تەفروتونا بکەن. ڕەشماڵ و مەڕەکانیان دەبردرێن، خێوەت و هەموو قاپوقاچاغەکانیان و وشترەکانیان دەهێنرێن. بانگیان بکەن: ”لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!“» یەزدان دەفەرموێت: «ڕابکەن و دوور هەڵێن! ئەی دانیشتووانی حاچۆر، لە ئەشکەوتە قووڵەکان نیشتەجێ بن. نەبوخودنەسری پاشای بابل لە دژی ئێوە ڕاوێژی کردووە، لە دژی ئێوە پیلانی داناوە. «هەستن هێرش ببەنە سەر نەتەوەیەکی ئاسوودە، بە پشت ئەستوورییەوە نیشتەجێیە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. نە دەرگا و نە شمشیرەی هەیە، بە تەنهایی نیشتەجێیە. وشترەکانیان بە تاڵان دەبردرێن و ماڵاتی زۆریان دەبێتە دەستکەوت. بە هەموو بایەک قژبڕاوەکان شەن دەکەم، لە هەموو لایەکەوە کارەساتیان بەسەردەهێنم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «حاچۆر بۆ هەتاهەتایە دەبێتە داڵدەی چەقەڵ و چۆڵەوانی. هیچ مرۆڤێک لەوێ نیشتەجێ نابێت، هیچ ئادەمیزادێک ئاوارەی ئەوێ نابێت.» ئەو فەرمایشتەی یەزدان کە لە سەرەتای پاشایەتییەکەی سدقیای پاشای یەهودا بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، سەبارەت بە ئیلام، پێی فەرموو: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من کەوانی ئیلام دەشکێنم، کە سەرچاوەی هێزیانە. چوار با لە هەر چوار لای ئاسمانەوە، بەسەر ئیلامدا دەهێنم، بەم چوار بایە شەنیان دەکەم، هەتا نەتەوە نەبێت کە دوورخراوەکانی ئیلامی بۆ نەچوو بێت. ئیلامییەکان لەبەردەم دوژمنانیان دەتۆقێنم، لەبەردەم ئەوانەی دەیانەوێ بیانکوژن، بەڵایان بەسەردەهێنم، گڕی تووڕەییم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «بە شمشێر ڕاویان دەنێم هەتا کۆتاییان دەهێنم. تەختی خۆم لە ئیلام دادەنێم و لەوێ پاشا و پیاوە گەورەکانی لەناودەبەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «بەڵام لە ئاییندەدا، ڕاپێچکراوەکانی ئیلام دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ یەرمیا 49:23-39 شێوەکاری؟؟؟