«دەنگی هاواریان بەرزبووەوە، لە حەشبۆنەوە هەتا ئەلعالێ و هەتا یەهەچ، لە زۆعەرەوە هەتا حۆرۆنایم و عەگلەت شەلیشیا، چونکە هەروەها ئاوی نیمریمیش وشک دەبێت. لە مۆئاب کۆتایی دەهێنم بەوانەی لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانی پێشکەش دەکەن و بخوور بۆ خوداوەندەکانی دادەگیرسێنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «لەبەر ئەوە دڵم بۆ مۆئاب وەک شمشاڵ ناڵەی دێت، دڵم بۆ پیاوانی قییر حەراسەت وەک شمشاڵ دەناڵێنێت، چونکە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا لەناوچوو. هەموو سەرێک تاشراوە و هەموو ڕیشێک کورت کراوەتەوە، هەموو دەستێک بریندار کراوە و هەموو ناوقەدێک بە جلوبەرگی گوش داپۆشراوە. لەسەر هەموو سەربانەکانی مۆئاب و لە هەموو شەقامەکانی جگە لە گریان هیچی دیکە نییە، چونکە مۆئابم شکاند، وەک گۆزەیەک کەس نەیەوێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «چۆن شکا! چۆن واوەیلا دەکەن! چۆن مۆئاب لە شەرمان ڕووی وەرگێڕا! مۆئاب بووە مایەی گاڵتەجاڕی و ترسناکی بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەری.» یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەفڕێت، بەسەر مۆئابدا باڵەکانی لێک دەکاتەوە. قەریۆت دەگیرێت و قەڵاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت. لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانەکانی مۆئاب وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت. مۆئاب لەوە دەکەوێت کە ببێتە گەل، چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی. ئەی دانیشتووی مۆئاب، ترس و چاڵ و تەڵە چاوەڕێت دەکات.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «ئەوەی لە ترس هەڵدێت دەکەوێتە ناو چاڵەکەوە، ئەوەی لە چاڵەکە دێتە دەرەوە بە تەڵەکەوە دەبێت، چونکە ساڵی سزادان بەسەر مۆئابدا دەهێنم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «لە سێبەری حەشبۆن هەڵاتووەکان بە بێهێزی وەستاون، چونکە لە حەشبۆنەوە ئاگرێک دەرچوو، گڕێکیش لەنێو سیحۆنەوە، ناوچەوانی مۆئاب و کەللەسەری گەلی بە هاتوهاوار دەخوات. قوڕبەسەرت مۆئاب! خەڵکی کەمۆش لەناوچوو، کوڕەکانی تۆیان ڕاپێچ کرد و کچەکانت بە دیل بردران. «بەڵام لە ئاییندەدا، ڕاپێچکراوەکانی مۆئاب دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئێرە کۆتایی حوکم بەسەردادانی مۆئابە.
یەرمیا 48 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەرمیا 48
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەرمیا 34:48-47
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان