«لە شکۆمەندی خۆت وەرە خوارەوە و لەسەر زەوی وشک دابنیشە، ئەی دانیشتووانی شاری دیڤۆن، چونکە تەفروتوناکەرەکەی مۆئاب دێتە سەر ئێوە، شارە قەڵابەندەکانی ئێوە کاول دەکات. ئەی دانیشتووانی شاری عەرۆعێر، لەسەر ڕێگا بوەستن و بڕوانن. لە پیاوی هەڵاتوو و ژنی دەربازبوو بپرسن، بڵێن: ”چی ڕوویدا؟“ مۆئاب ئابڕووی چوو، چونکە شکێنرا. واوەیلا بکە و هاوار بکە! لەلای ڕووباری ئەرنۆنەوە ڕایبگەیەنن کە مۆئاب تەفروتونا بووە. حوکمدان بەسەر زەوی دەشتەکەدا هات، بەسەر حۆلۆن و یەهچا و مێفەعەت، بەسەر دیڤۆن و نیبۆ و بێتدیڤلاتایم، بەسەر قیریاتەیم و بێتگاموول و بێتمەعۆن، بەسەر قەریۆت و بۆزرا، بەسەر هەموو شارۆچکەکانی خاکی مۆئاب، دوور و نزیکەکان. هێزی مۆئاب بڕایەوە، بازووی شکا.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «سەرخۆشی بکەن، چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی. با مۆئاب لەناو ڕشانەوەکەی خۆی بگەوزێت، ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی. ئەی تۆ بە ئیسرائیل پێنەکەنیت؟ ئایا ئەو لەنێو دزان گیرا، هەر کاتێک باست دەکرد، سەرت دەلەقاند؟ ئەی دانیشتووانی مۆئاب، شارۆچکەکان بەجێبهێڵن و لەناو بەردەکاندا نیشتەجێ بن. وەک کۆتر بن کە هێلانەکەی لەدەم ئەشکەوتدا دروست دەکات. «لووتبەرزی مۆئابمان بیستووە، زۆر لووتبەرزە، خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و فیز و شانازییەکەی لە دڵەوە. یەزدان دەفەرموێت: من بێ شەرمی ئەوم زانیوە، بەڵام قسەی پووچە. کردارە پووچەکانی بێ سوودن. لەبەر ئەوە واوەیلا بۆ مۆئاب دەکەم، بۆ سەراپای مۆئاب هاوار دەکەم، بۆ پیاوانی قییر حەراسەت دەنووزێمەوە. ئەی مێوی سیڤما، وەک گریانی یەعزێر بۆت دەگریێم. لقەکانت لە دەریا پەڕینەوە، گەیشتنە دەریای یەعزێر. تەفروتوناکەر کەوتە سەر میوە پێگەیشتوو و هێشووە ترێیەکانت. خۆشی و دڵشادی داماڵران لە ڕەزەکان و لە خاکی مۆئاب. شەرابم لە گوشەر ڕاگرت، بە هاواری خۆشییەوە پێپەست ناکرێت، ئەگەر هاوارکردن هەبێت، لە خۆشیدا هاوار ناکەن.
یەرمیا 48 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەرمیا 48
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەرمیا 18:48-33
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان