لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 1:48-17

یەرمیا 1:48-17 KSS

بۆ مۆئاب: یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «قوڕبەسەر نیبۆ، چونکە وێران دەبێت، قیریاتەیم شەرمەزار دەبێت و دەگیرێت، قەڵاکە شەرمەزار دەبێت و دەڕووخێت. شانازی مۆئاب نامێنێت، لە حەشبۆن پیلانی خراپەیان لە دژی گێڕا، ”وەرن، با کۆتایی بەو نەتەوەیە بهێنین.“ هەروەها تۆش ئەی مەدمێن کپ دەبیت، شمشێر دوات دەکەوێت. گوێ لە دەنگی هاوار بگرن لە حۆرۆنایمەوە دێت، هاواری لەناوچوون و وێرانبوونێکی گەورە. مۆئاب تێکدەشکێت، بچووکەکانی هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە. سەردەکەون بۆ هەورازەکەی ڕێگای لوحیت، بەدەم ڕێگاوە بەکوڵ دەگریێن، لە ڕێگا نشێوەکەی بەرەو حۆرۆنایم هاواری شکست دەبیسترێت. هەڵێن و خۆتان دەرباز بکەن! ببن بە سەرو لە چۆڵەوانی. لەبەر پشتبەستنت بە کردار و گەنجینەکانت، تۆش دەگیرێیت، کەمۆش ڕاپێچ دەکرێت، کاهین و پیاوە گەورەکانی پێکەوە. وێرانکەر بۆ هەموو شارۆچکەکان دێت، هیچ شارۆچکەیەک دەرباز نابێت. دۆڵ لەناودەچێت، دەشت وێران دەبێت، وەک ئەوەی یەزدان فەرمووی. خوێ بەسەر خاکی مۆئابدا بکەن، چونکە دەبێتە چۆڵەوانی. شارۆچکەکانی وێران دەبن، بەبێ ئاوەدانی دەبن. «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە تەوەزەلی کاری یەزدان دەکات! نەفرەت لێکراوە ئەوەی شمشێرەکەی لە خوێنڕشتن ڕادەگرێت! «مۆئاب لە هەڕەتی گەنجییەوە دڵنیایە، ڕاپێچیش نەکراوە، وەک مەی بەسەر خڵتەکەیەوە مەنگە، لە دەفرێکەوە بۆ دەفرێکی دیکە نەشڵەقاوە، لەبەر ئەوە تامەکەی هەر ماوە و بۆنیشی نەگۆڕاوە. یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت، بۆ تێکدانی ئەو کەسانەی بۆ دەنێرم کە لە ئەمباری مەی ئیش دەکەن، ئەوان دەیڕێژن و دەفرەکانی بەتاڵ دەکەن و گۆزەکانی وردوخاش دەکەن. جا مۆئاب شەرمەزاری کەمۆش دەبێت، هەروەک بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاری بێت‌ئێل بوون کە پشتیان پێی بەستبوو. «چۆن دەڵێن: ”ئێمە پاڵەوانین و پیاوی بەهێزین بۆ جەنگ“؟ مۆئاب تەفروتونا دەبێت، شارۆچکەکانی داگیر دەکرێت، باشترین لاوەکانی بۆ سەربڕین دادەبەزن.» ئەمە فەرمایشتی پاشایە، ئەوەی ناوی یەزدانی سوپاسالارە. «لەناوچوونی مۆئاب نزیک بووەتەوە، بەڵاکەی زۆر بە خێرایی دێت. ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون، بۆی بلاوێننەوە، ئەی هەموو ئەوانەی ناوبانگی دەزانن، بڵێن: ”چۆن داردەستی بەهێز شکا، شکۆ و دەسەڵاتی نەما!“

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ یەرمیا 48:1-17 شێوەکاری؟؟؟