لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 19:44-30

یەرمیا 19:44-30 KSS

ژنەکانیش گوتیان: «ئێمە کاتێک کە بخوورمان بۆ شاژنی ئاسمان دەسووتاند و شەرابی پێشکەشکراومان پێشکەشی دەکرد، ئایا بەبێ ئاگاداری پیاوەکانمان کولێرەمان بۆ دەکرد لەسەر وێنەی ئەو و شەرابی پێشکەشکراومان پێشکەش دەکرد؟» ئینجا یەرمیا بە هەموو خەڵکەکەی گوت، پیاو و ژنەکان، بە هەموو ئەو خەڵکەی بەم قسەیە وەڵامیان دایەوە: «ئایا یەزدان بیری لەو بخوورە نەکردەوە و بەیادیدا نەهات کە لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم سووتاندتان، ئێوە و باوباپیر و پاشا و میر و هەموو گەلی خاکەکە؟ ئیتر یەزدان لەبەر کردەوە خراپەکان و شتە قێزەونەکانتان کە ئەنجامتان داوە زیاتر بەرگەی نەگرت، جا خاکەکەتان بووە ڕووخاوی و وێرانە و نەفرەت و بێ ئاوەدانی، وەک ئەمڕۆ. لەبەر ئەوەی بخوورتان سووتاند و گوناهتان کرد لە دژی یەزدان، گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و ڕێگای فێرکردن و فەرز و یاساکانی ئەوتان نەگرتەبەر، لەبەر ئەوە تووشی ئەم بەڵایە بوون، وەک ئەمڕۆ.» ئینجا یەرمیا بە هەموو گەل و بە تایبەتیش بە هەموو ژنەکانی گوت: «ئەی هەموو خەڵکی یەهودا، ئەوانەی کە لە خاکی میسرن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئێوە و ژنەکانتان بە قسە بەڵێنتان دا و بە ئەنجامتان گەیاند، گوتتان ”بێگومان ئێمە ئەو نەزرانەمان جێبەجێ دەکەین کە نەزرمان کردبوو بۆ شاژنی ئاسمان، بخوور دەسووتێنین و شەرابی پێشکەشکراوی پێشکەش دەکەین.“ «کەواتە فەرموون، بەڵێنەکانتان بهێننە دی و نەزرەکانتان بپارێزن! بەڵام ئەی هەموو ئەو خەڵکەی یەهودا کە لە میسر نیشتەجێن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: ”من بە ناوی مەزنی خۆم سوێند دەخۆم، لەمەودوا کەس لە خەڵکی یەهودا لە هەموو خاکی میسر ناوی من بەسەر زاریدا نایەت، کە بڵێت: ’بە یەزدانی زیندووی باڵادەست.‘ ئەوەتا من بۆ خراپە نەک بۆ چاکە چاودێرییان دەکەم، جا هەموو پیاوانی یەهودا، ئەوانەی لە خاکی میسرن، بە شمشێر دەکوژرێن و بە قاتوقڕی دەمرن، هەتا ئەوەی کەسیان لێ نامێنێتەوە. ئەوانەش کە لە شمشێر دەرباز دەبن لە خاکی میسرەوە دەگەڕێنەوە بۆ خاکی یەهودا، خەڵکانێکی کەم دەبن. ئینجا هەموو پاشماوەی یەهودا ئەوانەی هاتنە میسر تاکو لەوێ بژین، دەزانن قسەی کێ سەردەگرێت، هی من یان هی ئەوان.“» یەزدان دەفەرموێت: «”ئەمەش نیشانەیە بۆ ئێوە، من لەم شوێنە سزاتان دەدەم، بۆ ئەوەی بزانن هەر دەبێت قسەی من سەربگرێت کە لە دژی ئێوەیە و بۆ خراپەیە.“ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من حۆفرەعی فیرعەونی میسر دەدەمە دەست دوژمنەکانی کە دەیانەوێ بیکوژن، وەک چۆن سدقیای پاشای یەهودام دایە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەو دوژمنەی دەیویست بیکوژێت.“»

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ یەرمیا 44:19-30 شێوەکاری؟؟؟