یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەڕایتەوە، بگەڕێوە لای من. ئەگەر بتە قێزەونەکانت لەبەردەمم لابدەی، گومڕا نابیت، ئەگەر بە ڕاستی و دادپەروەری و ڕاستودروستییەوە سوێند بخۆیت: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوسا نەتەوەکان بەو بەرەکەتدار دەبن و شانازی بەوەوە دەکەن.» یەزدان ئەمە بە پیاوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەفەرموێت: «زەوی بەیارتان بکێڵن و لەناو دڕکوداڵدا مەچێنن. ئەی پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، خۆتان بۆ یەزدان خەتەنە بکەن، دڵتان خەتەنە بکەن، نەوەک تووڕەییم بجۆشێت و وەک ئاگر بسووتێنێت، لەبەر خراپی کردەوەکانتان، بسووتێنێت و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.» «لە یەهودا ڕایبگەیەنن، لە ئۆرشەلیم دەنگتان ببیسترێت، بڵێن: ”لە خاکەکە فوو بە کەڕەنادا بکەن!“ بە دەنگی بەرز بانگەواز بکەن و بڵێن: ”کۆببنەوە! با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان!“ ئاڵا بەرز بکەنەوە بۆ چوونە سییۆن! خۆتان بدەنە پەنا! ڕامەوەستن! چونکە من لە باکوورەوە بەڵا دەهێنم، تێکشکانێکی گەورە.» شێر لە لانەکەیەوە هاتە دەرەوە، تێکشکێنەری نەتەوەکان بەڕێکەوت. لە شوێنەکەی خۆی هاتە دەرەوە بۆ ئەوەی خاکەکەت وێران بکات. شارۆچکەکانت کاول دەبن بێ ئاوەدانی دەبن. لەبەر ئەمە جلوبەرگی گوش لەبەر بکەن، لە خۆتان بدەن و واوەیلا بکەن، چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان هێشتا دانەمرکاوەتەوە. یەزدان دەفەرموێت: «جا ئەوە دەبێت لەو ڕۆژەدا، پاشا و پیاوە گەورەکان جەرگبڕاو دەبن، کاهینەکان دەحەپەسێن و پێغەمبەرەکان واقیان وڕدەمێنێت.» جا گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، بێگومان ئەم گەلە و ئۆرشەلیمت بە تەواوی فریودا، فەرمووت: ”ئاشتیتان بۆ دەبێت،“ کەچی شمشێر گەیشتە گیانمان.» لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە، بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.» تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت، گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە، ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن. قوڕبەسەرمان، وێران کراین! ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت. هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لە ناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟ دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت، کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت. «نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە، با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن: ”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن، بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە. لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە، چونکە لە من یاخی بوون.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «ڕەفتار و کردەوەکانت ئەمەیان پێکردیت، ئەمە سزاکەتە، چەند تاڵە! چونکە گەیشتە دڵت.»
یەرمیا 4 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەرمیا 4
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەرمیا 1:4-18
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان