لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 1:38-13

یەرمیا 1:38-13 KSS

ئینجا شەفەتیای کوڕی مەتان، گەدەلیاهوی کوڕی پەشحور، یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و پەشحوری کوڕی مەلکیا گوێیان لەو قسانە بوو کە یەرمیا لەگەڵ گەل دەیکرد و دەیگوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، بەڵام ئەوەی بچێتە دەرەوە بۆ ناو بابلییەکان دەژیێت. ژیانی خۆی دەرباز دەکات و دەژیێت.“ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە دڵنیاییەوە ئەم شارە دەدرێتە دەست سوپاکەی پاشای بابل، دەستی بەسەردا دەگرێت.“» جا پیاوە گەورەکان بە پاشایان گوت: «دەبێت ئەم پیاوە بکوژرێت. لەبەر ئەوەی بەو قسانەی ورەی ئەو سەربازانە دەڕووخێنێ کە لە شارەکەدا ماونەتەوە، هەروەها ورەی هەموو خەڵکیش دەرووخێنێ. ئەم پیاوە داوای چاکە بۆ ئەم گەلە ناکات، بەڵکو خراپە.» سدقیای پاشا گوتی: «ئەوەتا لەبەردەستتانە، پاشا توانای هیچی نییە بەرامبەر بە ئێوە.» ئەوانیش یەرمیایان برد و فڕێیان دایە ناو ئەمباراوەکەی مەلکیای کوڕی پاشا، ئەوەی لە حەوشەی پاسەوانەکانە. یەرمیایان بە گوریس شۆڕکردە خوارەوە، ئەمباراوەکەش ئاوی تێدا نەبوو، بەڵکو قوڕ. جا یەرمیا لەناو قوڕەکە چەقی. بەڵام عەبەدمەلەخ، کە کاربەدەستێکی کوشی بوو لە کۆشکی پاشا، بیستی کە یەرمیایان فڕێداوەتە ناو ئەمباراوەکە. پاشاش لە دەروازەی بنیامین دانیشتبوو، عەبەدمەلەخ لە کۆشکی پاشاوە چوو و بە پاشای گوت: «پاشای گەورەم، ئەم پیاوانە خراپیان کرد لە هەموو ئەوەی بە یەرمیای پێغەمبەریان کرد. ئەوان فڕێیان داوەتە ناو ئەمباراوەکەوە، ئەو لە شوێنەکەی خۆی لە برسان دەمرێت، چونکە نان لە شار نەماوە.» پاشاش فەرمانی بە عەبەدمەلەخی کوشی کرد و گوتی: «لێرەوە سی پیاو لەگەڵ خۆت ببە، یەرمیای پێغەمبەر لە ئەمباراوەکەوە دەربێنە، هەتا نەمردووە.» عەبەدمەلەخیش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد، چووە ژوورێک لەژێر گەنجینەی کۆشکی پاشا. لەوێ هەندێک پەڕۆوپاتاڵ و جلی کۆنی هەڵگرت و بە گوریس بۆ یەرمیای شۆڕی کردەوە ناو ئەمباراوەکە. عەبەدمەلەخی کوشی بە یەرمیای گوت: «پەڕۆوپاتاڵ و جلە کۆنەکان لەبن هەنگڵت لەژێر گوریسەکەوە دابنێ.» یەرمیاش ئاوای کرد. ئینجا بە گوریس یەرمیایان هەڵکێشا، لە ئەمباراوەکە دەریانهێنا. جا یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ یەرمیا 38:1-13 شێوەکاری؟؟؟