لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 26:32-44

یەرمیا 26:32-44 KSS

ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: «من یەزدانم، خودای هەموو ئادەمیزاد، ئایا هیچ شتێک هەیە بۆ من قورس بێت؟ لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەم شارە بدەمە دەست بابلییەکان و دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و بیگرێت. جا بابلییەکان کە لە دژی ئەو شارە دەجەنگن، دێنە ناوی بە ئاگر گڕی تێبەردەدەن، ئەو ماڵانەش دەسووتێنن کە لە سەربانەکانیان بخووریان بۆ بەعل سووتاند و شەرابی پێشکەشکراویان پێشکەشی خوداوەندەکانی دیکە کرد بۆ ئەوەی پەستم بکەن.» یەزدان دەفەرموێت: «نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا هەر لە گەنجیێتییانەوە تەنها خراپەیان لەبەرچاوم کردووە، چونکە نەوەی ئیسرائیل بە دروستکراوەکانی دەستیان تەنها پەستیان کردم. لەو ڕۆژەوەی ئەم شارەیان بنیاد ناوە هەتا ئەمڕۆ، بۆ من بووەتە مایەی تووڕەبوون و هەڵچوونم، کە دەبێت لەبەردەمم ڕایماڵم. نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پەستیان کردم، بە هەموو ئەو خراپانەی کردیان، ئەوان و پاشا و سەرکردە و کاهین و پێغەمبەرەکانیان، پیاوانی یەهودا و خەڵکی ئۆرشەلیم. جا پشتیان تێکردم نەک ڕوو، لە کاتێکدا من بەردەوام فێرم دەکردن، بەڵام نە گوێیانگرت و نە تەمبێ بوون. بەڵکو بتە قێزەونەکانیان لەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە و گڵاویان کرد. هەروەها نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، کە لە دۆڵی بەن‌هینۆمە، تاوەکو کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی بۆ مۆلەخ بسووتێنن، ئەو شتە قێزەونانەیان کرد و وایانکرد یەهودا گوناه بکات، کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بە خەیاڵیشمدا هاتووە. «ئێوە دەربارەی ئەو شارە دەڵێن: ”بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دراوەتە دەست پاشای بابل.“ بەڵام یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: ئەوەتا من کۆیان دەکەمەوە، لە هەموو ئەو خاکانەی کە بە تووڕەیی و هەڵچوونمەوە و بە پەستییەکی مەزنەوە دەرمکردن بۆیان، دەیانگەڕێنمەوە ئەم شوێنە و بە ئاسوودەیی نیشتەجێیان دەکەم. ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. یەک دڵ و یەک ڕێبازیان پێدەدەم، بۆ ئەوەی هەردەم لێم بترسن، بۆ چاکەی خۆیان و چاکەی کوڕەکانیان لەپاش خۆیان. پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم، کە خۆمیان لێ نەکێشمەوە و بەردەوام چاکەیان لەگەڵدا بکەم، ترسی خۆم بخەمە دڵیان، بۆ ئەوەی لێم لانەدەن. پێیان شاد دەبم کە چاکەیان لەگەڵدا بکەم، بە دڵنیاییەوە، بە هەموو دڵم و لە ناخمەوە، لەم خاکەدا دەیانڕوێنم. «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: هەروەک هەموو ئەم خراپە گەورانەم بەسەر ئەم گەلەدا هێنا، ئاواش من هەموو ئەو چاکەیەیان بەسەردا دەهێنم کە بەڵێنم پێیان دا. جا کێڵگە دەکڕدرێتەوە لەم خاکەی کە دەڵێن: ”وێرانە، نە مرۆڤ و نە ئاژەڵی تێدا نییە، دراوەتە دەست بابلییەکان.“ بە شایەتی چەند شایەتێک بە زیو کێڵگە دەکڕن، گرێبەست لە کاغەزێک دەنووسن و مۆری دەکەن، لە خاکی بنیامین و دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە شارۆچکەکانی یەهودا، لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان، لە زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ یەرمیا 32:26-44 شێوەکاری؟؟؟