یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بە شادییەوە گۆرانی بۆ یاقوب بڵێن، هاواری خۆشی بکەن بۆ سەر باشترین نەتەوە. با ستایشتان ببیسترێت و بڵێن: ”ئەی یەزدان، گەلی خۆت ڕزگار بکە، پاشماوەکەی ئیسرائیل!“ ئەوەتا من لە خاکی باکوورەوە دەیانهێنمەوە، لە هەموو لایەکی زەوی کۆیان دەکەمەوە، لەنێویان شەل و نابینا دەبێت ژنی سکپڕ و ژانگرتوو پێکەوە، کۆمەڵێکی گەورە دەگەڕێنەوە بۆ ئێرە. بە گریانەوە دێن، لەو کاتەی دەیانگەڕێنمەوە دەپاڕێنەوە، بەلای ڕووبارە ئاوەکاندا دەیانبەم، بە ڕێگایەکی ڕاست، تێیدا ساتمە ناکەن و ناکەون، چونکە من باوکی ئیسرائیلم، ئەفرایم نۆبەرەمە. «ئەی نەتەوەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، لە کەنارە دوورەکان ڕابگەیەنن: ”ئەوەی ئیسرائیلی پەرتەوازە کرد، کۆیان دەکاتەوە، وەک شوان مێگەلی خۆی دەپارێزێت،“ چونکە یەزدان نرخی ئازادبوونی یاقوبی دا، لە دەست ئەوەی لەو بەهێزتر بوو کڕییەوە. جا دێن و لە بەرزاییەکانی سییۆن هاواری خۆشی دەکەن. لەبەر خێروبێری یەزدان دەگەشێنەوە، بەسەر دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەوە، بەسەر بەرخ و گوێرەکەوە. وەک باخچەیەکی تێر ئاو دەبن، جارێکی دیکە سیس نابن. ئەوسا پاکیزەکان سەما دەکەن و دڵشاد دەبن، گەنجان و پیران پێکەوە. شینیان دەگۆڕم بە شادی، دڵنەواییان دەکەم و لەدوای پەژارەییان دڵخۆشیان دەکەم. کاهینەکان تێر دەکەم لە چەوری، گەلەکەم لە خێروبێرم تێر دەبن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا، گریان و شیوەنێکی گەورە، ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت، ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت، چونکە نەماون.» یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «واز لە گریان بهێنە و چاوت فرمێسک هەڵنەڕێژێ، چونکە کردەوەکەت پاداشتی هەیە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «لە خاکی دوژمن دەگەڕێنەوە. کەواتە هیوا بە دواڕۆژت هەیە. منداڵەکانت دەگەڕێنەوە خاکی خۆیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «بە دڵنیاییەوە گوێم لێ بوو ئەفرایم ئاخی هەڵدەکێشا: ”وەک گوێرەکەیەکی دەستەمۆنەکراو تەمبێت کردم، من تەمبێ بووم. بمگەڕێنەوە لای خۆت، دەگەڕێمەوە، چونکە تۆ یەزدانی پەروەردگاری منی. لەدوای گومڕابوونم، پەشیمان بوومەوە، لەدوای تێگەیشتنم، لە سنگی خۆمم دا. شەرمەزار بووم و گاڵتەم پێ کرا، چونکە ڕیسوایی کاتی مێردمنداڵیم بە کۆڵمەوە بوو.“ ئایا ئەفرایم کوڕی ئازیزم نییە، ئەو منداڵەی دڵم پێی خۆشە؟ لەبەر ئەوەی هەر کاتێک لە دژی ئەو دەدوێم، دووبارە دێتەوە یادم. لەبەر ئەوە هەناوم بۆی دەسووتێت، بە تەواوی بەزەییم پێیدا دێتەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «نیشانە بۆ خۆت بچەقێنە و ڕێوشوێن دابنێ. بە وردی بڕوانە ڕێگاکە، ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن. ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بگەڕێوە، بگەڕێوە بۆ شارۆچکەکانت. هەتا کەی بەم لاو بەو لادا دەڕۆیت، ئەی کچی هەڵگەڕاوە؟ چونکە یەزدان شتێکی نوێی لەسەر زەوی بەدیهێناوە: ژن پیاو دەپارێزێت.» یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «کاتێک ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە، جارێکی دیکە ئەم وشانە لە خاکی یەهودا و لە شارۆچکەکانی دەڵێنەوە: ”ئەی نشینگەی ڕاستودروستی، ئەی کێوی پیرۆز! یەزدان بەرەکەتدارت بکات.“ جا خەڵکەکە لە یەهودا و هەموو شارۆچکەکانی نیشتەجێ دەبن، جوتیار و ڕەوەندەکان لەگەڵیان دەبن. ماندوو دەبووژێنمەوە، هەموو سیسێک تێر دەکەم.» لێرەدا بەئاگاهاتم و تەماشای دەوروبەرم کرد. خەوەکەم خۆش بوو.
یەرمیا 31 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەرمیا 31
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەرمیا 7:31-26
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان