ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت، لە پەڕتووکێکدا بیاننووسە.“ یەزدان دەفەرموێت: ”سەردەمێک دێت، ئیسرائیل و یەهودای گەلەکەم لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنمەوە، دەیانهێنمەوە ئەو خاکەی بە باوباپیرانی ئەوانم دابوو، بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی بکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئەمانەش ئەو وشانەن کە یەزدان سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا فەرمووی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”هاواری ترسمان بیست، تۆقین نەک ئاشتی. بپرسن و ببینن: ئایا نێر سکی دەبێت؟ ئەی بۆچی هەر پیاوێک دەبینم وەک ژنی ژانگرتوو دەستی بە کەمەرییەوەیە و هەموو ڕووشی زەرد هەڵگەڕاوە؟ ئای! لەو ڕۆژە سامناکە! ڕۆژی ئاوا نابێت. ئەمە کاتی تەنگانەیە بۆ یاقوب، بەڵام لێی ڕزگار دەبێت.“ «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت، ”لەو ڕۆژەدا، ئەو نیرە دەشکێنم کە لە ملیانە، پێبەندیان دەپسێنم و چیتر بێگانە نایانکەن بە کۆیلە. بەڵکو یەزدانی پەروەردگاریان دەپەرستن و خزمەتی داودی پاشایان دەکەن، ئەوەی کە بۆیان دایدەنێم.“» یەزدان دەفەرموێت: «”ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە، ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە. بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم، نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە. یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت، دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت. من لەگەڵتدام و ڕزگارت دەکەم.“ یەزدان دەفەرموێت: ”ئەگەر کۆتایی بە هەموو ئەو نەتەوانە بهێنم کە لەنێویاندا پەرتەوازەم کردیت، کۆتایی بە تۆ ناهێنم. تەمبێت دەکەم، بەڵام بە دادپەروەری، بێ سزا بەڕەڵات ناکەم.“ «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”شکاوییەکەت بێ چارەیە، برینەکەت سەختە. کەس نییە داکۆکی لە کێشەی تۆ بکات، دەرمان نییە بۆ برینەکەی تۆ، تۆ چاک نابیتەوە. هەموو هاوپەیمانەکانت لەبیریان کردوویت، هیچ گرنگی بە تۆ نادەن. وەک لێدان لە دوژمن لە تۆم دا، بە سەختی تەمبێم کردی لەسەر زۆری تاوانەکانت، لەسەر گەورەیی گوناهەکانت. بۆچی لەبەر شکانەکەت هاوار دەکەیت، لەبەر ئازارەکەت کە چارەسەر ناکرێت؟ بەهۆی زۆری تاوانەکانت و گەورەیی گوناهەکانت، منیش ئەمەم پێکردیت. «”بەڵام هەموو ئەوانەی تۆیان خوارد دەخورێن، هەموو دوژمنەکانت ڕاپێچ دەکرێن. ڕاووڕووتکەرانت ڕاووڕووت دەکرێن و هەموو تاڵانکەرانت دەکەم بە تاڵانی. بەڵام تەندروستیت دەگەڕێنمەوە، برینەکانت چاک دەکەمەوە، چونکە ناویان لێنایت دوورخراوەکە، سییۆن، ئەوەی کەس گرنگی پێ نادات.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
یەرمیا 30 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەرمیا 30
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەرمیا 1:30-17
Save verses, read offline, watch teaching clips, and more!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان