لە سەردەمی پاشایەتی یۆشیای پاشادا یەزدان پێی فەرمووم: «ئایا بینیت ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە چی کرد؟ چووە سەر هەموو گردێکی بەرز و ژێر هەموو دارێکی سەوز، لەوێ داوێنپیسی کرد. بیرم کردەوە لەپاش ئەوەی هەموو ئەمەی کرد، بۆ لای من دەگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕایەوە. جا یەهودای خوشکی ناپاکی ئەمەی بینی. تەڵاقنامەم دا بە ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە و ناردمەوە، لەبەر هەموو داوێنپیسییەکانی. کەچی بینیم یەهودای خوشکی ناپاکی نەترسا، جا ئەویش چوو و داوێنپیسی کرد. لەبەر ئەوەی بە سووکی سەیری لەشفرۆشییەکەی کرد، زەوی گڵاو کرد و داوێنپیسی لەگەڵ دار و بەردا کرد. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا، یەهودای ناپاکی خوشکی بە هەموو دڵییەوە نەگەڕایەوە لام، بەڵکو تەنها بە ڕواڵەت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە لە یەهودای ناپاک ڕاستودروستترە. بڕۆ، ئەو پەیامە بۆ باکوور ڕابگەیەنە، بڵێ: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەی ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە، بگەڕێوە، ناوچەوانم لێتان گرژ ناکەم، چونکە خۆشەویستییەکەم ناگۆڕێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ”تووڕەییم هەتاهەتایی نییە. تەنها دان بە تاوانەکەتدا بنێی، چونکە لە یەزدانی پەروەردگارت یاخی بوویت و خۆشەویستیت بۆ خوداوەندە بێگانەکان بڵاوکردەوە لەژێر هەموو دارێکی سەوز. ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ڕۆڵە هەڵگەڕاوەکان، بگەڕێنەوە، چونکە من مێردی ئێوەم، دەتانبەم، یەکێک لە شارۆچکەیەک و دووان لە خێڵێک، دەتانهێنمە سییۆن. شوانتان بۆ دادەنێم بە دڵی خۆم بێت، بە زانین و وریاییەوە بتانلەوەڕێنن.» یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا، کە لە خاکەکە زۆر دەبن و بەروبوومتان دەبێت، ئیتر ناڵێن: ”سندوقی پەیمانی یەزدان.“ بە مێشکیاندا نایەت و بەبیریان نایەتەوە، بەسەری ناکەنەوە و جارێکی دیکە دروستناکرێتەوە. لەو کاتەدا بە ئۆرشەلیم دەڵێن، ”تەختی یەزدان“ و هەموو نەتەوەکان لە ئۆرشەلیم کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕێز لە ناوی یەزدان بگرن. ئیتر بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەیان ناکەون. لەو ڕۆژانەدا بنەماڵەی یەهودا لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل دەڕۆن، بەیەکەوە لە خاکی باکوورەوە دێن بۆ ئەو خاکەی کە کردمە میرات بۆ باوباپیرانتان.
یەرمیا 3 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەرمیا 3
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەرمیا 6:3-18
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان