لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 1:29-23

یەرمیا 1:29-23 KSS

ئەمە دەقی ئەو نامەیەیە کە یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ پاشماوەکانی نارد، پیر و کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل، هەموو ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردبوون، لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا و شاژنی دایکی و دەستوپێوەندەکانی و پیاوە گەورەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم، هەروەها پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ئۆرشەلیم. سدقیای پاشای یەهودا ئەلعاسای کوڕی شافان و گەمەریای کوڕی حیلقیای ناردە لای نەبوخودنەسری پاشای بابل. یەرمیاش نامەیەکی پێدا ناردن بۆ بابل و تێیدا گوتی: یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل بە هەموو ئەوانە دەفەرموێت کە لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردن: «خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و بەروبوومی بخۆن. ژن بهێنن با کوڕ و کچتان ببێت؛ ژن بۆ کوڕتان بهێنن و کچتان بە مێرد بدەن، با ئەوانیش کوڕ و کچیان ببێت و لەوێ زۆر بن و کەم مەکەن. کار بکەن بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئەو شارەی ئێوەم بۆ ئەوێ ڕاپێچ کردووە؛ نوێژ بکەن بۆ یەزدان لە پێناوی، چونکە بە گەشەسەندنی ئەو ئێوەش گەشە دەکەن.» یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «با پێغەمبەر و فاڵگرەوەکان کە لەنێوتانن هەڵتاننەخەڵەتێنن و گوێ لە خەونەکانیان مەگرن کە بۆ ئێوەی دەبینن. ئەوان بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن. من ئەوانم نەناردووە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: کاتێک حەفتا ساڵ لە بابل تەواو دەبێت، بەسەرتان دەکەمەوە و بەڵێنە باشەکەم سەبارەت بە ئێوە دەهێنمە دی، دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەم شوێنە. خۆم ئەو پلانە دەزانم کە بۆ ئێوەم داڕشتووە، پلان بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئێوە نەک بۆ زیانتان، بۆ ئەوەی دواڕۆژ و هیواتان بدەمێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «جا لێم دەپاڕێنەوە و دێن و نوێژم بۆ دەکەن، منیش گوێتان لێ دەگرم. ڕووتان لە من دەکەن و بۆتان دەردەکەوم، کاتێک بە هەموو دڵتانەوە ڕووتان لێم دەکەن. کاتێک بۆتان دەردەکەوم، ڕاپێچکراوەکانتان دەگەڕێنمەوە و بەختیاریتان نوێ دەکەمەوە. لەناو هەموو ئەو نەتەوانە و ئەو شوێنانە کۆتان دەکەمەوە کە بۆ ئەوێ دەرمکردبوون. دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە ڕاپێچم کردن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. گوتتان: «یەزدان لە بابل پێغەمبەرانی بۆ هەستاندینەوە.» بەڵام یەزدان ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەو پاشایەی لەسەر تەختەکەی داود دانیشتووە و هەموو ئەو گەلەی لەم شارەدا ماونەتەوە، ئەو هاوڵاتییانەی ڕاپێچ نەکراون، بەڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە ناویان و دەیانکەمە هەنجیری خراپ کە لە خراپیدا نەخورێت. بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد ڕاویان دەنێم، لەبەردەم هەموو شانشینەکانی زەوی قێزەونیان دەکەم، نەفرەتیان لێ دەکرێت و دەبنە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی و ڕیسوایی، لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ئەوێ دەریاندەکەم. لەبەر ئەوەی گوێیان لە فەرمایشتی من نەگرت، ئەوەی بە بەردەوامی بەدەستی بەندە پێغەمبەرەکانم بۆم ناردن. هەروەک ئێوەی ڕاپێچکراویش گوێتان لێ نەگرت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. لەبەر ئەوە، ئەی هەموو ڕاپێچکراوەکان، ئەی ئەوانەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابلم ناردن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. ئەمە فەرموودەی یەزدانی سوپاسالارە، خودای ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەحاڤی کوڕی قولایا و سدقیای کوڕی مەعسێیاهو، ئەوانەی بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن: «دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەویش لەبەرچاوتان دەیانکوژێت. لەبەر ئەوە هەموو ڕاپێچکراوەکانی یەهودا لە بابل، ناوی ئەوان وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و دەڵێن: ”یەزدان وەک سدقیا و ئەحاڤت لێ بکات، ئەوانەی پاشای بابل بە ئاگر برژاندنی،“ چونکە لەناو ئیسرائیلدا کارێکی قێزەونیان کرد، داوێنپیسییان لەگەڵ ژنی برادەرەکانیان کرد، بە ناوی منەوە بە درۆ قسەیان کرد کە من فەرمانم پێ نەکردبوون. من خۆم دەزانم و شایەتی ئەوەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ یەرمیا 29:1-23 شێوەکاری؟؟؟