لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 1:2-13

یەرمیا 1:2-13 KSS

فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «بڕۆ و بە ئۆرشەلیمی ڕابگەیەنە با خەڵکەکە بیبیستن، بڵێ: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”بە یادی خۆمم هێنایەوە، دڵسۆزی کاتی مێردمنداڵیت و خۆشەویستی کاتی بووکێنیت، بەدوای مندا ڕۆیشتیت لە چۆڵەوانی، بە خاکێکدا کە کشتوکاڵی تێدا نەبوو. ئیسرائیل بۆ یەزدان پیرۆز بوو، یەکەمین بەرهەمی بەروبوومەکەیەتی. هەموو ئەوانەی خواردیان تاوانیان کرد، بەڵایان بەسەردا هات.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئەی هەموو خێڵەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «باوباپیرانتان چ کەموکوڕییەکیان لە مندا بینی کە لێم دوور کەوتنەوە؟ چوون دوای بتی پووچ کەوتن و خۆیان پووچ کرد. پرسیاریان نەکرد: ”کوا یەزدان، ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێناین، ئەوەی ئێمەی بەناو چۆڵەوانیدا برد، بە خاکێکی ڕووتەن و چاڵوچۆڵدا، بە خاکێکی وشک و سێبەری مەرگ، بە خاکێکدا کە کەسی پێدا تێنەپەڕیبوو، کەس لەوێ نیشتەجێ نەببوو؟“ ئێوەم هێنایە ناو خاکێکی بەپیت بۆ ئەوەی بەروبووم و بەرهەمە چاکەکانی بخۆن. بەڵام هاتن و زەوییەکەی منتان گڵاو کرد، میراتەکەی منتان قێزەون کرد. کاهینەکان پرسیاریان نەکرد: ”کوا یەزدان؟“ ئەوانەی مامۆستای تەوراتن نەیانناسیم، ڕابەرەکان لێم یاخی بوون، پێغەمبەرەکان بەهۆی بەعلەوە پێشبینییان کرد، دوای بتی پووچ کەوتن.» یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە دیسان دادگاییتان دەکەم، منداڵی منداڵیشتان پەلکێشی دادگا دەکەم. لە کەنارەکانی کیتیم بپەڕنەوە و ببینن، بنێرن بۆ قێدار و بە وردی سەرنج بدەن، ببینن ئاخۆ شتی وەک ئەمە بووە؟ ئایا هیچ نەتەوەیەک خوداوەندەکانی خۆی گۆڕیوە؟ هەرچەندە خودا نین. بەڵام گەلەکەی من خودای شکۆمەندیان گۆڕییەوە بە بتی پووچ. ئەی ئاسمان، لەبەر ئەمە واقت وڕبمێنێت، موچڕکەت پێدابێت و زۆر سەرسام بە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «گەلەکەم دوو خراپەی کردووە: وازیان لە من هێنا، من کە کانی ئاوی ژیانم، هەروەها ئەمباراویان بۆ خۆیان هەڵکەند، ئەمباراوی شکاو کە ئاو ڕاناگرێت.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ یەرمیا 2:1-13 شێوەکاری؟؟؟