لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 1:19-15

یەرمیا 1:19-15 KSS

یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بڕۆ لای گۆزەکەر، گۆزەیەکی گڵ بکڕە. هەندێک لە پیرانی گەل و کاهینی پیر ببە، بڕۆ دەرەوە بۆ دۆڵی بەن‌هینۆم کە لەلای داڵانی دەروازەی زبڵدانە، لەوێ ئەو پەیامە جاڕبدە کە پێتی دەڵێم. بڵێ: ”ئەی پاشایانی یەهودا و ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! بەڵایەک بەسەر ئەم شوێنەدا دەهێنم کە هەرکەسێک بیبیستێت، گوێی بزرنگێتەوە. لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام، ئەم شوێنەیان پیس کرد و تێیدا بخووریان بۆ خوداوەندەکانی دیکە سووتاند کە نەیان دەناسین، نە خۆیان و نە باوباپیرانیان و نە پاشایانی یەهودا، ئەم شوێنەیان پڕکرد لە خوێنی بێتاوانان. نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، تاکو کوڕەکانیان بە ئاگر بسووتێنن و بیکەنە قوربانی سووتاندن بۆ بەعل، کە من نە فەرمانم پێکردبوو و نە فەرمووبووم و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو. لەبەر ئەوە ئاگاداربن، سەردەمێک دێت، چیتر ئەم شوێنە پێی ناگوترێت تۆفەت یان دۆڵی بەن‌هینۆم، بەڵکو پێی دەگوترێت دۆڵی کوشتن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «”جا لەم شوێنەدا پیلانی یەهودا و ئۆرشەلیم پووچ دەکەمەوە، وا دەکەم لەبەردەم دوژمنەکانیان بە شمشێر بکوژرێن، بە دەستی ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن، تەرمەکانیان دەکەمە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی. ئەم شارە وێران دەکەم و دەیکەمە جێگای تانە و تەشەری خەڵک، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت، گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە. وایان لێ دەکەم گۆشتی کوڕ و کچەکانی خۆیان بخۆن، هەریەکە گۆشتی هاوڕێکەی خۆی دەخوات، لەبەر گەمارۆ و ئەو تەنگانەیەی تێی دەکەون بەدەستی دوژمنانیان کە بەدوای ئەوانەوەن بۆ کوشتنیان.“ «ئینجا گۆزەکە لەبەرچاوی ئەو پیاوانە بشکێنە کە لەگەڵتدان، پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ئاوا ئەم گەلە و ئەم شارە دەشکێنم، وەک چۆن دەفرە گۆزەکە کە نەتوانرێت جارێکی دیکە چاک بکرێتەوە. لە تۆفەت دەنێژرێن، هەتا ئەوەی جێی ناشتن نەمێنێت.“ یەزدان دەفەرموێت: ”ئاوا لەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەکەم، ئەم شارە وەک تۆفەت لێ دەکەم. جا ماڵەکانی ئۆرشەلیم و کۆشکەکانی پاشایانی یەهودا وەک شوێنی تۆفەت گڵاو دەبن، هەموو ئەو ماڵانەی لە سەربانەکانیان بخووریان سووتاند بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ خوداوەندەکانی دیکە پێشکەش کرد.“» ئینجا یەرمیا لە تۆفەت هاتەوە کە یەزدان بۆ پێشبینیکردن ناردبوویە ئەوێ، لە حەوشەکەی پەرستگای یەزدان ڕاوەستا و بە هەموو گەلی گوت: «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”گوێ بگرن! من هەموو ئەو بەڵایە بەسەر ئەم شارە و بەسەر هەموو گوندەکانی دەوروبەریدا دەهێنم، ئەوەی سەبارەت بەو فەرمووم، چونکە کەللەڕەقییان کرد و گوێیان لە قسەی من نەگرت.“»

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ یەرمیا 19:1-15 شێوەکاری؟؟؟