«ئینجا بەناو چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و بەدەوری خاکی ئەدۆم و خاکی مۆئابدا سووڕانەوە، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە هاتن بۆ خاکی مۆئاب و لە کەناری ئەرنۆن چادریان هەڵدا، نەهاتنە ناو خاکی مۆئاب، چونکە ڕووباری ئەرنۆن سنووری مۆئاب بوو. «پاشان ئیسرائیل چەند نێردراوێکی بۆ لای سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان و پاشای حەشبۆن نارد و پێی گوتن: ”لێمانگەڕێن با بەناو خاکەکەتاندا تێپەڕین بۆ شوێنەکەمان.“ بەڵام سیحۆن متمانەی بە ئیسرائیل نەبوو بەناو سنوورەکەیدا تێبپەڕێت، بەڵکو سیحۆن هەموو هێزەکانی کۆکردەوە و لە یەهەچ چادریان هەڵدا و لە دژی ئیسرائیل جەنگان. «ئینجا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سیحۆن و هەموو سوپاکەی دا بەدەست نەوەی ئیسرائیلەوە و ئەوانیان بەزاند. ئیتر ئیسرائیل بوو بە خاوەنی هەموو زەوی ئەمۆرییەکان و دانیشتووانی ئەو خاکە، دەستیان بەسەر هەموو سنووری ئەمۆرییەکاندا گرت، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و لە چۆڵەوانییەوە هەتا ڕووباری ئوردون. «ئێستاش کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمۆرییەکانی لەبەردەم ئیسرائیلی گەلی خۆی دەرکردووە، ئایا بە چ مافێک تۆ خاوەنداریێتی دەکەیت؟ ئایا نابیتە خاوەنی ئەوەی کە کەمۆشی خوداوەندت پێت دەدات؟ ئێمەش خاوەنی هەموو ئەوانەین کە یەزدانی پەروەردگارمان لەبەردەمماندا وەدەرینان. ئێستاش ئایا تۆ بەڕاستی لە بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب چاکتریت؟ ئایا ئەو بەربەرەکانێی ئیسرائیلی کرد، یاخود لە دژیان جەنگا؟ ئەو کاتەی ئیسرائیل لە حەشبۆن و گوندەکانی و عەرۆعێر و گوندەکانی و هەموو شارۆچکەکانی کەناری ئەرنۆن سێ سەد ساڵ نیشتەجێ بوو، بۆچی لەو کاتەدا بەدەستت نەهێنایەوە؟ من هیچ گوناهم دەرهەق بە تۆ نەکردووە، بەڵام تۆ خراپەم لەگەڵ دەکەیت بە شەڕکردن لەگەڵ من. با ئەمڕۆ یەزدانی دادوەر حوکم لەنێوان ئیسرائیل و عەمۆنییەکاندا بدات.» بەڵام پاشای عەمۆنییەکان گوێی لە قسەکانی یەفتاح نەگرت کە بۆی نارد. جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەر یەفتاح. لە گلعاد و مەنەشە پەڕییەوە و میچپای گلعادیشی تێپەڕاند، لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر عەمۆنییەکان پێشڕەویی کرد. ئینجا یەفتاح نەزری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەگەر عەمۆنییەکانت دا بەدەستمەوە، ئەوا لە کاتی گەڕانەوەمدا بە سەرکەوتوویی لەلای عەمۆنییەکانەوە، ئەوەی بۆ پێشوازیلێکردنم لە دەرگای ماڵەکەمەوە بێتە دەرەوە، ئەوە بۆ یەزدان دەبێت و وەک قوربانی سووتاندن پێشکەشی دەکەم.» ئینجا یەفتاح پەڕییەوە بۆ عەمۆنییەکان بۆ جەنگ لە دژیان و یەزدان ئەوانی دایە دەستی. لەنێوان عەرۆعێرەوە و مینیت هەتا ئابێل کەرامیم بیست شارۆچکەی وێران کرد و بەم شێوەیە عەمۆنییەکان کەوتنە ژێردەستی نەوەی ئیسرائیل. پاشان یەفتاح گەڕایەوە بۆ میچپا بۆ ماڵەکەی و تەماشای کرد وا کچەکەی بە دەفلێدان و سەماکردنەوە هاتووەتە دەرەوە بۆ پێشوازیلێکردنی. ئەو کچەش تاقانە بوو، جگە لەو کوڕ و کچی دیکەی نەبوو. لەو کاتەدا کە چاوی پێکەوت جلەکانی دادڕی و گوتی: «ئای کچەکەم ئەژنۆت شکاندم و ژیانت لێ تاڵ کردم، چونکە سوێندم بۆ یەزدان خواردووە و ناتوانم لێی پاشگەز ببمەوە.» ئەویش پێی گوت: «ئەی باوکە تۆ نەزرت بۆ یەزدان کردووە. بەوەم لەگەڵ بکە کە لە دەمت هاتووەتە دەرەوە، چونکە یەزدان تۆڵەی بۆ سەندییەوە لە دوژمنەکانت، لە عەمۆنییەکان.» پاشان بە باوکی گوت: «با ئەو کارەم لەگەڵدا بکرێت، دوو مانگ لێم بگەڕێ هەتا بڕۆم و لەسەر چیاکان بگەڕێم و لەگەڵ هاوڕێیەکانم شیوەن بگێڕم، چونکە هەرگیز شوو ناکەم.» ئەویش گوتی: «بڕۆ.» دوو مانگ ناردی، ڕۆیشت و لەگەڵ دەستە خوشکەکانی لەسەر چیاکان شیوەنی گێڕا، چونکە هەرگیز شوو ناکات. لە کۆتایی دوو مانگەکەدا گەڕایەوە بۆ لای باوکی، ئیتر ئەو نەزرەی کردبووی ئەنجامی دا، کچەکەش پاکیزە بوو. ئیتر ئەمە لەناو ئیسرائیلدا بوو بە نەریت کە کچەکانی ئیسرائیل ساڵانە چوار ڕۆژ دەچن بۆ ئەوەی شیوەن بۆ کچەکەی یەفتاحی گلعادی بگێڕن.
ڕابەران 11 بخوێنەوە
گوێگرتن لە ڕابەران 11
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: ڕابەران 18:11-40
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان