یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.“» هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا. لە پێغەمبەرە ژن نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز، چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.» ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی: «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە ئاوی هێمنی شیلۆوەحی ڕەتکردەوە، دڵخۆش بوو بە ڕەچین و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو، لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە ئاوی ڕووبارە بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت، مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی. جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات، بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن، لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە، ئەی ئیمانوێل!» ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە! ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن: خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە! خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە! ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت، قسە بکەن، سەرناگرێت، چونکە خودا لەگەڵمانە. یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم: «مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“ بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی، مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقە. تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و دەبێ لەو بترسی، لەو بتۆقی. ئەو دەبێتە پیرۆزگا، بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ، تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە. بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەبێت بە تەڵە و داو. زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون، دەکەون و تێکدەشکێن، بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.» ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە، فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە. چاوەڕێی یەزدان دەکەم، ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە، من پشت بەو دەبەستم. ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە یەزدان پێیداوم، لەناو ئیسرائیلدا وەک نیشانە و هێمای یەزدانی سوپاسالارین کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە. کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان و ڕۆح ئامادەکاران بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“ بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت.
ئیشایا 8 بخوێنەوە
گوێگرتن لە ئیشایا 8
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: ئیشایا 1:8-20
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان