ئیشایا 15:49-23
ئیشایا 15:49-23 KSS
«چۆن دایک کۆرپەی شیرەخۆرەی خۆی لەبیر دەکات، یان بەزەیی بە بەری سکی خۆی نایەتەوە؟ تەنانەت ئەویش لەبیر دەکات، بەڵام من تۆ لەبیر ناکەم. ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە، هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن. کوڕەکانت خێرا دەگەڕێنەوە، ڕووخێنەران و تێکدەرانت لێت دەچنە دەرەوە. چاوهەڵبڕە بۆ دەوروبەرت و ببینە! هەموو کۆبوونەوە، هاتن بۆ لات.» یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، تۆ هەموویان وەک خشڵ لەبەر دەکەیت، وەک بووک خۆت بەوان دەڕازێنیتەوە. «هەرچەندە بوویت بە شوێنێکی کەلاوە و وێران و خاکەکەشت ڕووخێنرا، بەڵام ئێستا تەنگ دەبیت بۆ دانیشتووان، لووشدەرانت دوور دەکەونەوە. ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێت لێ دەبێت کە کوڕانی سەردەمی سک سووتاویت دەڵێن: ”ئەم جێیە تەنگە بۆمان، جێمان بکەرەوە با نیشتەجێ بین.“ لە دڵی خۆتدا دەڵێیت: ”کێ ئەمانەی بۆ من بوو کە من سک سووتاو و نەزۆکم، دوورخراوە و دەربەدەرم؟ ئەی کێ بەخێوی کردن؟ ئەوەتا من بە تەنها مابوومەوە، ئەمانە لەکوێ بوون؟“» یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من دەست بۆ نەتەوەکان بەرز دەکەمەوە، بۆ گەلانیش ئاڵای خۆم بەرز دەکەمەوە، جا کوڕەکانت بە باوەش دەهێنن و کچەکانیشت لەسەر شانیان هەڵدەگرن. پاشاکان تۆ پەروەردە دەکەن، شاژنەکانیان دەبنە دایەنی تۆ، ڕوویان لە زەوی دەبێت، کڕنۆشت بۆ دەبەن و تۆزی پێیەکانت دەلێسنەوە، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم. ئەوانەی شەرمەزار نابن ئەوانەن چاوەڕوانی منن.»





