شێوەکێشەکانی بت هەموو پووچن، شتە ئارەزوو بەخشەکانیان بێ سوودن. شایەتیدەری خۆیانن کە نابینن و نازانن، لەبەر ئەوە شەرمەزار دەبن. کێ شێوەی خودایەکی کێشاوە یان بتێکی داڕشتووە بەبێ سوود؟ ئەوەتا هەموو هاوڕێیەکانی شەرمەزار دەبن. وەستاکانی لە مرۆڤن، هەموو کۆدەبنەوە و ڕادەوەستن، پێکەوە دەتۆقن و شەرمەزار دەبن. ئاسنگەر بە ئامێرەکانی پارچە ئاسن لەناو خەڵووز سوور دەکاتەوە. بە چەکوش شێوەی دەکات، بە هێزی بازووی دروستی دەکات. برسی دەبێت هێزی نییە، ئاوی نەخواردووەتەوە و ماندوو بوو. دارتاش گوریسی پێوانەی ڕاکێشا، نیشانی کرد بە نیشانکەر، بە ئەسکەنە دروستی دەکات. بە پرگال وێنەی دەکێشێت، جا وەک شێوەی پیاو دروستی دەکات، وەک جوانی مرۆڤ بۆ ئەوەی لە نزرگە جێگیر بێت. دار ئورزی بۆ خۆی بڕییەوە، یان داری سەروو یاخود داری بەڕووی برد، بەجێی هێشت کە لەنێو دارەکانی دارستان گەشە بکات، یاخود دار سنەوبەرێکی ڕواند و باران گەورەی کرد. جا بۆ مرۆڤ دەبێت بۆ سووتاندن، لێی دەبات و گەرم دەبێتەوە، دایدەگیرسێنێت و نانی پێ دەبرژێنێت. بەڵام خوداوەندێکیش دروستدەکات و کڕنۆشی بۆ دەبات، دەیکات بە پەیکەر و ڕوو لە زەوی دەکات بۆی. نیوەی بە ئاگر دەسووتێنێت، لەسەر نیوەی خواردن ئامادە دەکات، گۆشت دەبرژێنێت و تێردەبێت. هەروەها گەرم دەبێتەوە و دەڵێت: «ئەها! گەرم بوومەوە، ئاگرم بینی.» پاشماوەکەشی خوداوەندێکی لێ دروستکرد، بتە داتاشراوەکەی، ڕوو لە زەوی دەکات بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبات. نوێژی بۆ دەکات و دەڵێت: «ڕزگارم بکە، چونکە تۆ خودای منی.» نازانن و تێناگەن، چونکە چاوەکانیان داخراوە لە بینین و مێشکیان لە تێگەیشتن. لە دڵی خۆیدا بیری لێ ناکاتەوە و زانین و تێگەیشتنی نییە هەتا بڵێت: «بە نیوەی ئاگرم خۆشکرد، بە پشکۆیەکەشی نان و گۆشتم برژاند و خواردم. ئەو کاتە پاشماوەکەی بکەم بە قێزەون، بۆ قەدی دارێک ڕوو لە زەوی بکەم؟» لەسەر خۆڵەمێش دەلەوەڕێت، دڵی هەڵخەڵەتا و چەواشەی کرد. گیانی خۆی ڕزگار ناکات، ناڵێت: «ئایا ئەمە درۆ نییە لەنێو دەستی ڕاستم؟»
ئیشایا 44 بخوێنەوە
گوێگرتن لە ئیشایا 44
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: ئیشایا 9:44-20
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان