لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 1:43-21

ئیشایا 1:43-21 KSS

ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت، بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب، شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل: «مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە، بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت. کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام، بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن. بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت، بڵێسەش ناتسووتێنێت، چونکە من یەزدانم، خودای تۆم، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ڕزگارکەری تۆ. میسرم کردووە بە کەفارەتی تۆ، کوش و سەبا لە جێی تۆ. لەبەر ئەوەی تۆ بەنرخ بوویت لەلام، سەنگین بوویت و من خۆشم ویستیت، لە جێی تۆ خەڵکی دەدەم، لە جیاتی گیانت نەتەوەکان. مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام. لە ڕۆژهەڵاتەوە نەوەکانت دەهێنم و لە ڕۆژئاواوە کۆت دەکەمەوە. بە باکوور دەڵێم: ”بیاندەرێ!“ و بە باشووریش: ”مەیانگرە!“ کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و کچانم لەوپەڕی زەوییەوە. هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن، بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون، شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.» دەریبخە ئەو گەلەی کوێرە، بەڵام چاوی هەیە، کەڕە، بەڵام گوێی هەیە. با هەموو نەتەوەکان پێکەوە کۆببنەوە، با نەتەوەکان خڕ ببنەوە. کێ لەوان ئەمە ڕادەگەیەنێت و سەرەتاکانمان پێ دەڵێت؟ با شایەتەکانیان بهێننە پێش و ڕاستی پێشبینییەکانیان دەربخەن، یان گوێیان لێ بێت و بڵێن: «ڕاستە.» یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن، بەندەی هەڵبژاردەم، بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و تێبگەن کە من ئەوم، پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و پاش منیش نابێت. منم، منم یەزدان، لە من بەولاوە ڕزگارکەر نییە. من ئاشکرام کرد و ڕزگارم کرد و ڕامگەیاند، منم، نەک خوداوەندێکی بێگانە لەنێوتاندا بێت. ئێوە شایەتی منن کە من خودام.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «لەو ڕۆژەوە من ئەوم، کەس لە دەستم دەرباز نابێت. هەرچی بکەم، کێ ڕەتی دەکاتەوە؟» یەزدان ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: «لە پێناوی ئێوە دەنێرم بۆ بابل و هەموو هەڵاتووەکانی بەدەردەنێم، بابلییەکانیش بەو کەشتییانەی کە هاواری شادییان تێدا کردبوون. منم یەزدان، پیرۆزەکەتان، بەدیهێنەری ئیسرائیل، پاشاکەتان.» یەزدان، ئەوەی لەناو دەریا ڕێگای داناوە، لەناو ئاوە بەهێزەکان ڕێچکە، ئەوەی گالیسکە و ئەسپی دەرکرد، سوپا و هێزی پێکەوە ڕاکێشا و هەڵنەستانەوە، کپ بوون، وەک پڵیتەیەک کوژانەوە، ئەو ئەمە دەفەرموێت: «باسی سەرەتاکان مەکەن، لە دێرینەکان ڕامەمێنن. ئەوەتا من شتێکی نوێ دەکەم! ئێستا سەرهەڵدەدات، ئایا نایزانن؟ لە چۆڵەوانی ڕێگا دادەنێم و لە بیابان ڕووبارەکان. ئاژەڵە کێوییەکان شکۆمەندم دەکەن، چەقەڵ و کوندەپەپوو، چونکە ئاوم خستە چۆڵەوانییەوە، ڕووبارەکان لە بیاباندا بۆ ئاودانی گەلەکەم، هەڵبژاردەکەم، ئەم گەلە بۆ خۆم شێوەم کێشاوە باسی ستایشم دەکەن.