لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 15:30-33

ئیشایا 15:30-33 KSS

یەزدانی باڵادەست، پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت: «بە تۆبەکردن و ئارامگرتن ڕزگارتان دەبێت، پاڵەوانیتان لە هێمنی و لە دڵنیاییتان دەبێت، بەڵام نەتانویست، گوتتان: ”وا نا، بەڵکو بە ئەسپ هەڵدێین،“ لەبەر ئەوە هەڵدێن! گوتتان: ”سواری ئەسپی خێرا دەبین،“ لەبەر ئەوە ڕاونەرانتان خێرا دەکەن! لە ڕووی نەڕەی یەک کەس هەزار کەس هەڵدێت، لە ڕووی نەڕەی پێنج کەس هەمووتان هەڵدێن، هەتا وەک دار ئاڵا لەسەر لووتکەی چیا و وەک بەیداخ بەسەر گردەوە دەمێننەوە.» بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت، لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە، چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە. خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن! ئەی گەلی سییۆن کە لە ئۆرشەلیم نیشتەجێن، ئێوە ئیتر ناگریێن. بە تەواوی میهرەبان دەبێت لەگەڵتان، لەگەڵ دەنگی هاوارتان کە گوێی لێ دەبێت، بە دەنگتانەوە دێت. هەرچەندە پەروەردگار نانی تەنگانە و ئاوی ناخۆشیتان دەداتێ، بەڵام ئیتر مامۆستاکانتان ناخرێنە پەنای چاوەکانتان، مامۆستاکانتان دەبینن. کاتێک بەلای ڕاست یان چەپدا لادەدەن، گوێیەکانتان دەنگێک دەبیستێت لە دواتانەوە دەڵێت: «ئەمە ڕێگاکەیە، پێیدا بڕۆن.» پەیکەرە داتاشراوە بە زیو ڕووکەشکراوەکانتان و بتە لەقاڵبدراوە بە زێڕ ڕووکەشکراوەکانتان بە گڵاو دادەنێن. وەک پەڕۆی پیسی ئافرەت فڕێیدەدەن، پێی دەڵێن: «بڕۆ دەرەوە!» ئینجا بارانی تۆوەکەت دەداتێ کە زەوییەکەی پێ تۆو دەکەیت، نانی بەروبوومی زەوییەکە چەور و قەڵەو دەبێت. لەو ڕۆژەدا مەڕوماڵاتەکەت لە لەوەڕگایەکی پانوبەریندا دەلەوەڕێن. گاجووت و نێرەکەرەکانت کە لە زەوییەکەت کار دەکەن ئالیکی پاککراو دەخۆن کە بە شەن و بێڵ شەن کرابێت. جا لەسەر هەموو کێوێکی بڵند و لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەکی بەرز ڕووبار و جۆگەی ئاو دەبێت لە ڕۆژی کوشتارە مەزنەکە، کاتێک قوللەکان دەکەون. جا ڕووناکی مانگ وەک ڕووناکی خۆر دەبێت، ڕووناکی خۆریش حەوت ئەوەندە دەبێت وەک ڕووناکی حەوت ڕۆژ لەو ڕۆژەی یەزدان شکاوی گەلەکەی دەگرێتەوە و جێی لێدانەکانی تیمار دەکات. ئەوەتا ناوی یەزدان لە دوورەوە هات، تووڕەییەکەی گڕی گرتووە و بارەکەی قورسە. لێوەکانی پڕن لە هەڵچوون و زمانی وەک ئاگرێکی لووشدەرە. هەناسەی وەک ڕووبارێکی هەستاوە دەگات بە گەردن، بۆ لەبێژنگدانی نەتەوەکان بە بێژنگی لەناوچوون و لغاوی گومڕابوونیش لەدەم گەلانە. گۆرانییەکتان بۆ دەبێت وەک شەوی تەرخانکردنی جەژن، خۆشی دڵیش وەک ئەوەی بەدەم بلوێرەوە بڕوات هەتا بێت بۆ کێوی یەزدان، بۆ تاشەبەردەکەی ئیسرائیل. یەزدان وا دەکات دەنگی مەزنی ببیسترێت و دابەزینی بازووی ببینرێت بە هەڵچوونی تووڕەیی و گڕی ئاگری لووشدەر، بە ڕەشەبا و لێزمەی باران و تەرزەوە. ئاشور لە دەنگی یەزدان لەرز دەیگرێت، بە داردەست لێدەدات. جا هەموو لێدانێکی گۆچانی دادوەری، ئەوەی یەزدان بەسەریدا دەهێنێت، بە دەف و قیسارەوە دەبێت و بە ڕاوەشاندنی دەستی کە دەجەنگێت. چاڵی تۆفەت لەمێژە ڕێکخراوە، بۆ پاشا ئامادە کراوە، قووڵە، بەرینە، کەڵەکە کراوەکەی ئاگرە و داری زۆرە. هەناسەی یەزدان وەک ڕووباری گۆگردە گڕی تێبەردەدات.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان