لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 1:30-18

ئیشایا 1:30-18 KSS

یەزدان دەفەرموێت: «قوڕبەسەر کوڕانی کەللەڕەق، پلانێک جێبەجێ دەکەن کە هی من نییە، داڕێژراوێک دادەڕێژن کە لە ڕۆحی منەوە نییە بۆ ئەوەی گوناه لەسەر گوناه زیاد بکەن. دەڕۆن هەتا بەرەو میسر شۆڕ بنەوە بێ ئەوەی پرس بە من بکەن، هەتا پەنا بدەنە پاڵ قەڵای فیرعەون، لە سایەی میسر پەناگیر بن. بەڵام قەڵای فیرعەون بۆتان دەبێت بە ڕیسوایی و پەناگیریشتان لە سایەی میسر بە شەرمەزاری. هەرچەندە میرەکانی وا لە چۆعەنن، نێردراوەکانی گەیشتنە شاری حانێس، بەڵام هەموو شەرمەزار دەبن لە گەلێک کە بێ سوودە بۆیان، بۆ یارمەتیدان نییە و بۆ سوود بەخشین نییە، چونکە بۆ ڕیسوایی و بۆ شورەییە.» سروشێک سەبارەت بە ئاژەڵەکانی نەقەب: لە خاکی تەنگانە و ناخۆشیدا، ئەوەی شێرە مێ و شێری لێوە دێت، مار و ماری ژەهراوی باڵدار، سامانەکانیان لەسەر شانی گوێدرێژ بار دەکەن، لەسەر پشتی وشتریش گەنجینەکانیان بۆ لای گەلێک کە سوود نابەخشن، چونکە پووچ و بەفیڕۆدانە یارمەتییەکەی میسر. لەبەر ئەوە ناوم لەمە نا: «ڕەهەڤ ئەوەی هیچ ناکات». ئێستا وەرە لەلایان لەسەر تەختەیەک بینووسە و لە تۆمارێک نەخشی بکە، هەتا بۆ ڕۆژگاری داهاتوو ببێت بە شایەتێک بۆ هەتاهەتایە. ئەوان گەلێکی یاخین، کوڕانی درۆزنن، ئەو کوڕانەی نەیانویست گوێ لە فێرکردنی یەزدان بگرن. بە پێشبینیکەر دەڵێن: «پێشبینی مەکە!» بەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت دەڵێن: «پەیامی ڕاستمان پێ ڕامەگەیەنە! قسەی لووسمان بۆ بکە، خەونی تەفرەدەر ببینە! لە ڕێگا لابدەن، ڕێچکە بەر بدەن، چیتر ڕووبەڕوومان مەکەنەوە لەگەڵ داواکارییەکانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!» لەبەر ئەوە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت: «ئەم پەیامەتان ڕەتکردەوە و متمانەتان بە زۆرداری و خواروخێچی کرد و پشتتان پێیان بەست، لەبەر ئەوە ئەم تاوانەتان وەک دیوارێکی ناڕێک و بەرز درزی تێکەوتبێت، ئەوەی لەناکاو و دەستبەجێ دادەڕووخێت. وەک شکانی گۆزەی گۆزەکەران دەشکێت بێ بەزەییانە وردوخاش دەکرێت، لەناو پارچە وردوخاشکراوەکانی پارچەیەک نابێت بۆ هەڵگرتنی ئاگر لە ئاگردانەوە یان بۆ ئاو دەرهێنان لە ئەمباراوەوە.» یەزدانی باڵادەست، پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت: «بە تۆبەکردن و ئارامگرتن ڕزگارتان دەبێت، پاڵەوانیتان لە هێمنی و لە دڵنیاییتان دەبێت، بەڵام نەتانویست، گوتتان: ”وا نا، بەڵکو بە ئەسپ هەڵدێین،“ لەبەر ئەوە هەڵدێن! گوتتان: ”سواری ئەسپی خێرا دەبین،“ لەبەر ئەوە ڕاونەرانتان خێرا دەکەن! لە ڕووی نەڕەی یەک کەس هەزار کەس هەڵدێت، لە ڕووی نەڕەی پێنج کەس هەمووتان هەڵدێن، هەتا وەک دار ئاڵا لەسەر لووتکەی چیا و وەک بەیداخ بەسەر گردەوە دەمێننەوە.» بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت، لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە، چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە. خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن!

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان