ئەی پیاوانی گاڵتەجاڕ، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی فەرمانڕەوایانی ئەم گەلە کە لە ئۆرشەلیمن! گوتتان: «پەیمانمان لەگەڵ مردن بەستووە و پەیماننامەمان لەگەڵ جیهانی مردووان مۆر کردووە، کە قامچی لافاو تێدەپەڕێت لە ئێمە نزیک ناکەوێتەوە، چونکە درۆمان کردووە بە داڵدەمان و لەناو ساختە پەناگیر دەبین.» لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم، کە دەبێتە سەنگی مەحەک، گرنگترین و گرانبەهاترین بەردی بناغە بۆ بناغەیەکی پتەو، ئەوەی پشتی پێ ببەستێت ناشڵەژێت. دادوەری دەکەمە گوریسی پێوانە و بە شاووڵ ڕاستودروستی دەکەم، جا تەرزە داڵدەی درۆ ڕادەماڵێت و پەناگاش ئاو دایدەپۆشێت. پەیمانەکەتان لەگەڵ مردن دەسڕێتەوە و پەیماننامەکەتان لەگەڵ جیهانی مردووان سەر ناگرێت. کاتێک قامچی لافاو تێدەپەڕێت، ئێوە بۆی دەبن بە پێشێل. هەر کاتێک تێبپەڕێت دەتانبات، چونکە هەموو بەیانییەک تێدەپەڕێت بە شەو و بە ڕۆژ.» بە تەنها تێگەیشتنی پەیامەکە دەبێتە مایەی تۆقاندن. دۆشەک کورت بووە بۆ ڕاکشان و لێفەش تەنک بووە بۆ لەخۆپێچانەوە. یەزدان هەڵدەستێت، وەک لە کێوی پەراچیم هەستا، هەروەک لە دۆڵی گبعۆن، تووڕەیی دێتە جۆش بۆ ئەوەی کارەکەی بکات، کارەکەی نامۆیە! بۆ ئەوەی ئیشەکەی بکات، ئیشەکەی نامۆیە! ئێستا گالتەجاڕ مەبن، نەوەک کۆتتان توندتر بکرێت، چونکە لەلایەن یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، گوێم لە کۆتایی پێهێنان و بڕانەوە بووە بەسەر هەموو خاکەکەدا. گوێ شل بکەن و دەنگم ببیستن، گوێ بگرن و قسەم ببیستن. ئایا جوتیار هەموو ڕۆژێک زەوییەکەی دەکێڵێت، هەڵیدەکۆڵێت و خەرتەی دەکات بۆ چاندن؟ ئەی کە ڕووەکەی تەخت کرد، تۆوی دەکات بە کونجی و زیرەی تێدا دەوەشێنێت و گەنم لە هێڵی جووتەکانی دادەنێت و جۆ لە شوێنی نیشانکراو، گوڵەبەڕۆژەش لە سنوورەکانی؟ جا خودای خۆی فێری دەکات، بە دادوەری ڕێنمایی دەکات. کونجی بە جەنجەڕ ناکوترێت، چەرخەی عەرەبانەش بەسەر زیرەدا نایەت، بەڵکو کونجی بە دار تێکدەدرێت و زیرەش بە گۆچان. دانەوێڵە بۆ نان دەکوترێت، هەتاهەتایە جەنجەڕی بەسەردا ناهێنێت، چەرخەی عەرەبانەکەی و ئەسپەکەی وردوخاشی ناکەن. هەموو ئەمانەش لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە هاتوون، ڕاوێژی سەیرە و دانایی مەزنە.
ئیشایا 28 بخوێنەوە
گوێگرتن لە ئیشایا 28
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: ئیشایا 14:28-29
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان