لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 1:26-13

ئیشایا 1:26-13 KSS

لەو ڕۆژەدا لە خاکی یەهودا ئەم گۆرانییە دەڵێن: شاری بەهێزمان هەیە، خودا ڕزگاری دەکاتە شوورا و سەنگەری. دەروازەکان بکەنەوە با نەتەوەی ڕاستودروست پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە. تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت، چونکە پشتی بە تۆ بەستووە. هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن، چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە. ئەوانەی لە بەرزاییدا نیشتەجێن نزم دەکاتەوە، شاری بەرزیش نەوی دەکات، دەیدات بە زەویدا، تەختی دەکات لەگەڵ خۆڵ. پێی هەژار و هەنگاوی نەدار پێشێلی دەکات. ڕێڕەوی کەسی ڕاستودروست ڕێکە، ئەی خودای ڕاست، ڕێگای ڕاستودروست خۆش دەکەیت. ئەی یەزدان، لە ڕێی حوکمەکانت چاوەڕێی تۆ دەکەین؛ ناوەکەت و یادکردنەوەت ئارەزووی گیانمانە. گیانم بە شەو ئارەزووت دەکات، هەروەها لە بەیانیدا ڕۆحم لە ناخمدا پەرۆشە بۆت، چونکە کاتێک حوکمەکانت لە زەوین، دانیشتووانی جیهان فێری ڕاستودروستی دەبن. بەدکار بەر میهرەبانی بکەوێت، فێری ڕاستودروستی نابێت، لە خاکی ڕاستییەکاندا ناڕەوایی دەکات، شکۆی یەزدان نابینێت. ئەی یەزدان تۆ باڵا دەستیت، بەڵام ئەوان نایبینن. با دڵگەرمیت بۆ گەلەکەت ببینن و شەرمەزار بن، با ئەو ئاگرەی کە ئامادەت کردووە دوژمنەکانت بخوات. ئەی یەزدان ئاشتیمان دەدەیتێ، چونکە لە ڕاستیدا هەموو کارەکانمان تۆ کردووتە. ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، گەورەکانی دیکە جگە لە تۆ، بوون بە گەورەمان، بەڵام تەنها تۆ، یادی ناوی تۆ دەکەین.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان