لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 6:2-22

ئیشایا 6:2-22 KSS

وازت لە گەلەکەی خۆت هێنا، لە بنەماڵەی یاقوب، پڕ بوون لە بیروبۆچوونەکانی ڕۆژهەڵات و وەک فەلەستییەکان بەخت دەخوێننەوە، پابەند بوون بە نەریتی بتپەرستەکان. خاکیان پڕبوو لە زێڕ و زیو، گەنجینەکانی سنووریان نییە. خاکیان پڕبوو لە ئەسپ و گالیسکەکانی سنووریان نییە. خاکیان پڕبوو لە بت، کڕنۆشیان بۆ دەستکردی خۆیان برد، کە بە پەنجەکانی خۆیان دروستیان کرد. جا مرۆڤ دەچەمێتەوە و ئادەمیزاد نزم دەبێتەوە، لێیان خۆش مەبە. لە ڕووی سامی یەزدان و شکۆی مەزنییەکەی، بڕۆ ناو کەلەبەرد و لەناو خۆڵ خۆت بشارەوە! چاوە بەفیزەکانی مرۆڤ نزم دەبێتەوە و لووتبەرزیی ئادەمیزاد دەچەمێتەوە، لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت. یەزدانی سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە لە دژی هەموو خۆبەزلزان و لووتبەرزێک، لە دژی هەموو خۆهەڵکێشێک کە نزم دەبنەوە، لە دژی هەموو دار ئورزە بەرز و بڵندەکانی لوبنان، لە دژی هەموو دار بەڕووەکانی باشان، لە دژی هەموو چیا بەرزەکان و لە دژی هەموو کێوە بڵندەکان، لە دژی هەموو قوللەیەکی بەرز، لە دژی هەموو شوورایەکی سەخت، لە دژی هەموو کەشتییەکانی تەرشیش، لە دژی هەموو دەستکردێکی دڵگیر. جا فیزی مرۆڤ دەچەمێتەوە و لووتبەرزی ئادەمیزاد نزم دەبێت، لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت و هەموو بتەکان لەناودەچن. کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت، مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکان و ناو چاڵەکانی خۆڵ. لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئەو بتە زیو و زێڕانەی کە بۆ پەرستن دروستی کردوون، بۆ مشکەکوێرە و شەمشەمەکوێرەیان فڕێدەدات. کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت، مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکانەوە و بۆ کەلەبەرەکانی ناو تاوێرەکان. پشت بە مرۆڤ مەبەستە، ئەوەی تەنها هەناسەیەکی لە لووتدایە. بۆچی حیسابی بۆ دەکرێت؟

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان