خودا لە ماوەی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا، دەربارەی یەهودا و ئۆرشەلیم ئەم بینینانەی بۆ ئیشایای کوڕی ئامۆچ ئاشکرا کرد. ئەی ئاسمان گوێ بگرە و ئەی زەوی گوێ شل بکە، چونکە یەزدان دەفەرموێت: «چەند کوڕێکم گەورە کرد و پێم گەیاندن، بەڵام ئەوان لێم یاخی بوون. گا خاوەنەکەی خۆی دەناسێت و گوێدرێژیش ئاخوڕی خاوەنی خۆی، بەڵام ئیسرائیل من ناناسێت، گەلی من تێناگات.» قوڕبەسەر نەتەوەی گوناهبار، بەسەر ئەو گەلەی تاوانی قورسە، توخمی بەدکاران، کوڕانی گەندەڵین! وازیان لە یەزدان هێنا، بە سووکییەوە تەماشای خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان کرد، پشتیان لێی کرد. بۆچی دووبارە لێتان بدرێتەوە؟ بۆچی بەردەوامن لە یاخیبوونتان؟ تەواوی سەر نەخۆشە و هەموو دڵ بیمارە. لە بنی پێ هەتا تەوقی سەر کوا تەندروستی تێیدا؟ بەڵکو برین و شین و مۆر بوونەوەیە، لێدانی تەڕ و تازە کە نەگوشراوە و نەبەستراوە و بە ڕۆن نەرم نەکراوە. خاکەکەتان وێرانە، شارەکانتان سووتاوە، لەبەرچاوتان زەوییەکەتان بێگانەکان دەیخۆن، وێرانە وەک ئەوەی بێگانە هەڵاوگێڕی کردبێت. سییۆنی کچ ماوەتەوە، وەک کۆخ لەناو ڕەزەمێودا، وەک کەپر لەناو بێستانی خەیاردا، وەک شارێکی ئابڵوقەدراو. ئەگەر یەزدانی سوپاسالار کەمێک دەربازبووی بۆ نەهێشتباینایەوە، وەک سەدۆممان لێ دەهات، لە عەمۆرا دەچووین.
ئیشایا 1 بخوێنەوە
گوێگرتن لە ئیشایا 1
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: ئیشایا 1:1-9
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان