لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

هۆشەع 2:2-13

هۆشەع 2:2-13 KSS

«سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن، چونکە ئەو ژنی من نییە و منیش مێردی ئەو نیم. بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت. ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە، وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛ وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم، وەک خاکی وشکی لێ دەکەم، بە تینووێتی دەیمرێنم. بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە، چونکە زۆڵن. بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە. ئەو گوتی: ”دوای دۆستەکانم دەکەوم، ئەوانەی نان و ئاو، خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“ لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم، دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە. دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات، بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە. ئینجا دەڵێت: ”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم، چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“ ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە، زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە، بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا. «لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە، شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا. خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن لەبەری دادەکەنم. ئێستا شوێنی شەرمی لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم، کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت. هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم: جەژن و سەرەمانگەکانی، شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی. ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم، کە گوتی: ”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“ دەیانکەم بە دارستان و ئاژەڵی کێوی دەیانخوات. لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند، بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە، دوای خۆشەویستانی کەوت، بەڵام منی لەیاد کرد.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان