لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبرانییەکان 29:11-40

عیبرانییەکان 29:11-40 KSS

بە باوەڕ بە دەریای سووردا پەڕینەوە وەک بە وشکانیدا بڕۆن، بەڵام کاتێک میسرییەکان ویستیان بپەڕنەوە نوقوم بوون. بە باوەڕ شووراکانی ئەریحا ڕووخان، دوای ئەوەی حەوت ڕۆژ بە دەوریدا سووڕانەوە. بە باوەڕ ڕاحابی لەشفرۆش لەگەڵ یاخیبووان لەناونەچوو، چونکە پێشوازییەکی ئاشتییانەی لە سیخوڕەکان کرد. چی دیکەش بڵێم؟ کاتم نییە باسی گدعۆن و باراک و شەمشون و یەفتاح و داود و ساموئێل و پێغەمبەران بکەم، کە بە باوەڕ پاشایەتییەکانیان بەزاند، دادپەروەرییان هێنایە کایەوە، بەڵێنەکانیان بۆ هاتە دی، دەمی شێریان داخست، هێزی ئاگریان کوژاندەوە، لە تیخی شمشێر دەرباز بوون، لە لاوازیدا بەهێزبوون، لە شەڕدا توند بوون، لەشکری بێگانەیان گەڕاندەوە. هەندێک ژن مردووەکانیان بە هەستانەوە وەرگرتەوە. بەڵام خەڵکی دیکە ئەشکەنجە دران و ڕزگارییان نەویست، تاکو هەستانەوەیەکی باشتریان دەستبکەوێت. هەندێکی دیکە ڕووبەڕووی سووکایەتی و قامچی و کۆت و زیندان بوونەوە. بەردباران کران، بە مشار لەت لەت کران، بە شمشێر کوژران. هەندێکیش بە پێستی مەڕ و بزن خۆیان داپۆشی، تووشی نەبوونی و چەوسانەوە و زەلیلی بوون. جیهان شایانی ئەمان نەبوو. دەربەدەری بیابان و شاخ و ئەشکەوت و کون و کەلەبەری زەوی بوون. هەموو ئەمانەش بەهۆی باوەڕیانەوە شایەتییان بۆ درا، بەڵام بەڵێنی خودایان دەست نەکەوت، چونکە خودا پێشتر شتێکی باشتری بۆمان بینی، تاکو بێ ئێمە تەواو نەبن.