لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 5:7-18

پەیدابوون 5:7-18 KSS

نوح هەموو شتێکی بەپێی فەرمانی یەزدان ئەنجام دا. نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو کە لافاو لەسەر زەوی هەستا. نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی پێش ئاوی لافاوەکە چوونە ناو کەشتییەکە. لە ئاژەڵە پاک و ئاژەڵە ناپاکەکان، لە باڵندە و هەموو ئەو بوونەوەرانەی لەسەر زەوی دەخشێن، جووت جووت لە نێر و مێ، هاتنە لای نوح و چوونە ناو کەشتییەکە، هەروەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. دوای حەوت ڕۆژەکە ئاوی لافاوەکە هاتە سەر زەوی. کاتێک نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو، لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی دووەم، لەو ڕۆژەدا هەموو سەرچاوەکانی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی تەقینەوە و دەروازەکانی ئاسمانیش کرانەوە. چل شەو و چل ڕۆژیش لەسەر زەوی باران باری. هەر لە هەمان ڕۆژدا نوح و کوڕەکانی، سام و حام و یافەت، پێکەوە لەگەڵ ژنەکەی و هەر سێ بووکەکەی چوونە ناو کەشتییەکەوە. لەگەڵیان هەموو ئاژەڵە کێوییەکان بەپێی جۆریان، هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان بەپێی جۆریان، هەموو بوونەوەرە خشۆکەکان بەپێی جۆریان، هەموو باڵندەیەک بەپێی جۆریان و هەموو باڵدارێک. جووت جووت لە هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانیان تێدابوو، چوونە ناو کەشتییەکە بۆ لای نوح. ئەوانەی دەهاتنە ناوەوە لە نێر و مێی هەموو گیاندارێکی زیندوو بوون، وەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. ئینجا یەزدان لەدوایەوە دەرگای کەشتییەکەی داخست. لافاوەکە بۆ ماوەی چل ڕۆژ لەسەر زەوی بەردەوام بوو. کاتێک ئاو زۆر بوو کەشتییەکەی هەڵگرت، ئیتر کەشتییەکە لە زەوی بەرزبووەوە. ئاو لەسەر زەوی بەرزبووەوە و گەلێک زۆر بوو، کەشتییەکەش لەسەر ڕووی ئاوەکە دەڕۆیشت.