لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 13:7-24

پەیدابوون 13:7-24 KSS

هەر لە هەمان ڕۆژدا نوح و کوڕەکانی، سام و حام و یافەت، پێکەوە لەگەڵ ژنەکەی و هەر سێ بووکەکەی چوونە ناو کەشتییەکەوە. لەگەڵیان هەموو ئاژەڵە کێوییەکان بەپێی جۆریان، هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان بەپێی جۆریان، هەموو بوونەوەرە خشۆکەکان بەپێی جۆریان، هەموو باڵندەیەک بەپێی جۆریان و هەموو باڵدارێک. جووت جووت لە هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانیان تێدابوو، چوونە ناو کەشتییەکە بۆ لای نوح. ئەوانەی دەهاتنە ناوەوە لە نێر و مێی هەموو گیاندارێکی زیندوو بوون، وەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. ئینجا یەزدان لەدوایەوە دەرگای کەشتییەکەی داخست. لافاوەکە بۆ ماوەی چل ڕۆژ لەسەر زەوی بەردەوام بوو. کاتێک ئاو زۆر بوو کەشتییەکەی هەڵگرت، ئیتر کەشتییەکە لە زەوی بەرزبووەوە. ئاو لەسەر زەوی بەرزبووەوە و گەلێک زۆر بوو، کەشتییەکەش لەسەر ڕووی ئاوەکە دەڕۆیشت. ئاو لەسەر زەوی زۆر بەرزبووەوە هەتا هەموو شاخە بەرزەکانی ژێر هەموو ئاسمان داپۆشران. بە بەرزی پازدە باڵ ئاو لەسەر شاخەکان بەرزبووەوە، شاخەکانیش داپۆشران. ئیتر هەموو شتێکی زیندوو کە لەسەر زەوی دەجوڵایەوە لەناوچوو، لە باڵندە و ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵی کێوی و هەموو ئەو کۆمەڵە زیندەوەرانەی لەسەر زەوی دەجوڵانەوە، هەموو ئادەمیزادیش. هەر شتێک لەسەر وشکانی کە هەناسەی ژیان لە لووتیدا بوو، مرد. هەموو شتێکی زیندوو لەسەر ڕووی زەوی سڕایەوە، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکانی ئاسمانیش، لەسەر زەوی سڕانەوە. تەنها نوح و ئەوانە مانەوە کە لە کەشتییەکە لەگەڵی بوون. ئاوی لافاویش سەد و پەنجا ڕۆژ لەسەر زەوی بوو.