لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 22:49-33

پەیدابوون 22:49-33 KSS

«یوسف مێوێکی بەردارە، مێوێکی بەردارە لەسەر کانیاو، چڵەکانی بەسەر دیوارێکدا هەڵگەڕاون. تیرئەندازان دڕندانە پەلاماریان دا و ڕمیان تێگرت و هەراسانیان کرد. بەڵام کەوانەکەی بە توندوتۆڵی مایەوە، بازووەکانی دەستی لێزان بوون، بە دەستی توانادارەکەی یاقوب، بە ناوی شوانەکە، تاشەبەردەکەی ئیسرائیل، بەهۆی خوداکەی باوکتەوە کە یارمەتیت دەدات، بەهۆی هەرە بەتواناوە کە بەرەکەتدارت دەکات، بە بەرەکەتەکانی ئاسمان لە سەرەوە و بەرەکەتەکانی ئەو قووڵاییەی ماتە لە ژێرەوە، بەرەکەتەکانی هەردوو مەمک و منداڵدان. بەرەکەتەکانی باوکت مەزنترن لە بەرەکەتەکانی چیای هەتاهەتایی، لە بەخشندەیی گردە دێرینەکان. با بەسەر سەری یوسفەوە بن، بەسەر ناوچەوانی جیاکراوە لە براکانی. «بنیامین گورگێکی دڕندەیە، بەیانییان نێچیر دەخوات و ئێوارانیش دەستکەوت دابەش دەکات.» هەموو ئەمانە دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیلن. ئەمەش ئەوە بوو کە باوکیان پێی گوتن و داوای بەرەکەتی بۆ کردن، هەریەکەیان بەپێی بەرەکەتەکەی خۆی داوای بەرەکەتی بۆ کردن. ئینجا فەرمانی پێدان و پێی گوتن: «من دەچمە پاڵ گەلەکەی خۆم. لەلای باوباپیرانم بمنێژن، لەو ئەشکەوتەی لەناو کێڵگەکەی عەفرۆنی حیتییە، کە لە کێڵگەکەی مەخپێلەیە و ڕووەو مەمرێیە لە خاکی کەنعان، ئەوەی ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکەدا لە عەفرۆنی حیتی کڕی تاکو بیکات بە گۆڕستان. ئیبراهیم و سارای ژنی لەوێ نێژراون، ئیسحاق و ڕڤقەی ژنیشی لەوێ نێژراون، هەر لەوێش لێئەم ناشت. کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناوی لە حیتییەکان کڕدرابوون.» کاتێک یاقوب لە ڕاسپاردنی کوڕەکانی تەواو بوو، هەردوو پێی خۆی خستەوە سەر قەرەوێڵەکە و دواهەناسەی دا و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.