لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:46-15

پەیدابوون 1:46-15 KSS

ئیتر ئیسرائیل بە هەرچییەکەوە کە هەیبوو کۆچی کرد، هاتە بیری شابەع و قوربانی بۆ خودای ئیسحاقی باوکی سەربڕی. خودا بە شەو لە بینینێکدا بە ئیسرائیلی فەرموو: «یاقوب! یاقوب!» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» فەرمووی: «من خودام، خودای باوکتم. مەترسە لە چوونت بۆ میسر، چونکە لەوێ دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن. من لەگەڵ تۆ دێمە میسر، بێگومان خۆشم دەتگەڕێنمەوە. یوسفیش دەستی خۆی دەنێتە سەر چاوەکانت.» ئیتر یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت، کوڕەکانی ئیسرائیلیش یاقوبی باوکیان و منداڵەکانیان و ژنەکانیان هەڵگرت و سواری ئەو عەرەبانانەیان کردن کە فیرعەون بۆ هەڵگرتنی ئەو ناردبووی. هەروەها یاقوب و هەموو نەوەکانی، لەگەڵ خۆیان مەڕوماڵاتەکەیان و ئەو کەلوپەلانەی لە خاکی کەنعان دەستیان کەوتبوو، هەڵگرت و هاتنە میسر. کوڕ و کوڕەزا و کچ و کچەزاکانی، هەموو نەوەکەی لەگەڵ خۆی هێنایە میسر. ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە هاتنە میسر، واتا یاقوب و نەوەکانی: ڕەئوبێن کوڕە نۆبەرەی یاقوب. کوڕەکانی ڕەئوبێن: حەنۆک، پەڵو، حەسرۆن و کەرمی. کوڕەکانی شیمۆن: یەموئێل، یامین، ئۆهەد، یاکین و چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو. کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن، قەهات و مەراری. کوڕەکانی یەهودا: ئێر، ئۆنان، شالەح، پێرێز و زەرەح، بەڵام ئێر و ئۆنان لە خاکی کەنعان مردن. کوڕەکانی پێرێزیش ئەمانە بوون: حەسرۆن و حامول. کوڕەکانی یەساخار: تۆلاع، پوڤە، یاشوڤ و شیمرۆن. کوڕەکانی زەبولون: سەرەد، ئێلۆن و یەحلئێل. ئەمانە کوڕەکانی لێئەن کە بۆ یاقوبی بوون لە پەدان ئارام، لەگەڵ دینەی کچیشی. هەموو کوڕ و کچەکانی سی و سێ کەس بوون.