لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:45-15

پەیدابوون 1:45-15 KSS

ئیتر یوسف نەیتوانی خۆی ڕابگرێت لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون، هاواری کرد: «هەمووان لەلام بڕۆنە دەرەوە!» ئیتر کەسی لێ نەمابوو کاتێک خۆی بە براکانی ناساند. بە دەنگێکی وا بەرز گریا کە میسرییەکان گوێیان لێبوو، ماڵی فیرعەونیش ئەمەی بیست. یوسف بە براکانی گوت: «من یوسفم. ئایا باوکم هێشتا ماوە؟» بەڵام براکانی نەیانتوانی وەڵامی بدەنەوە، چونکە لە یوسف تۆقیبوون. ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «لێم وەرنە پێشەوە.» ئەوانیش هاتنە پێشەوە، ئەمیش گوتی: «من یوسفی براتانم کە بە میسرتان فرۆشت. ئێستاش نە نیگەران بن و نە لۆمەی خۆتان بکەن کە منتان بە ئێرە فرۆشتووە، چونکە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی بوو کە خودا منی پێش ئێوە نارد. ئەمە دوو ساڵە لە خاکەکە قاتوقڕی هەیە، بۆ پێنج ساڵی دیکەش نە کێڵان دەبێت و نە دروێنە. بەڵام خودا منی پێش ئێوە نارد بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژتان لە زەوی، بۆ ژیان بۆتان، بۆ دەربازبوونێکی مەزن. «ئێستاش ئێوە نین کە منتان بۆ ئێرە نارد، بەڵکو خودایە منی کردووەتە باوک بۆ فیرعەون و گەورەی هەموو ماڵەکەی و فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسر. پەلە بکەن و بڕۆنە لای باوکم و پێی بڵێن: ”یوسفی کوڕت دەڵێت خودا منی کردووە بە گەورەی هەموو میسر. بەرەو خوار وەرە بۆ لام و ڕامەوەستە. لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ دەبیت و لە من نزیک دەبیت، خۆت و کوڕەکانت و کوڕی کوڕەکانت و ڕانە مەڕەکەت و گاگەلەکەت و هەرچییەکت هەیە. لەوێ خۆم بەخێوت دەکەم، چونکە قاتوقڕییەکە هێشتا پێنج ساڵی ماوە. ئەگینا خۆت و ماڵەکەت و هەرچیشت هەیە هەژار دەبن.“ «وا بە چاوی خۆتان دەبینن و بنیامینی براشم دەمبینێت کە بەڕاستی ئەوە منم قسەتان لەگەڵ دەکەم. بە باوکم ڕابگەیەنن کە من لە میسر خاوەنی چ شکۆ و دەسەڵاتێکم، هەروەها باسی هەموو ئەو شتانەشی بۆ بکەن کە بینیوتانە. بە پەلەش باوکم بۆ ئێرە بهێنن.» ئینجا باوەشی بە بنیامیندا کرد و گریا. بنیامینیش ئەوی لە ئامێز گرت و گریا. ئینجا هەموو براکانی ماچکرد و لەگەڵیان گریا. لەدوای ئەوە براکانی قسەیان لەگەڵی کرد.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان