پیاوەکانیش ئەو دیارییانە و دوو هێندە زیویشیان لەگەڵ دەستی خۆیان هەڵگرت و بنیامینیان برد و بەرەو خوار چوون بۆ میسر و لەبەردەم یوسف ڕاوەستان. کاتێک یوسف بنیامینی لەگەڵیان بینی، بە سەرکاری ماڵەکەی گوت: «ئەم پیاوانە ببە ماڵەوە و ئاژەڵێکیش سەر ببڕە و ئامادەی بکە، چونکە بۆ نیوەڕۆ لەگەڵ خۆم نان دەخۆن.» ئیتر سەرکارەکە بەو جۆرەی کە یوسف فەرمانی پێ کردبوو، پیاوەکانی بردەوە بۆ ماڵی یوسف. پیاوەکان ترسان کاتێک برانە ماڵی یوسف و گوتیان: «ئێمەیان بەهۆی ئەو زیوەی جاری یەکەم خرابووەوە ناو هەگبەکانمان هێناوەتە ژوورەوە. دەیەوێت پەلامارمان بدات و بکەوێتە سەرمان و بمانکاتە کۆیلە و گوێدرێژەکانمان ببات.» ئیتر لە سەرکاری ماڵەکەی یوسف چوونە پێشەوە و لەناو دەرگای ماڵەکە قسەیان لەگەڵ کرد. پێیان گوت: «ئەی گەورەم، تکایە، ئێمە یەکەم جار بۆ کڕینی خۆراک هاتینە ئێرە. بەڵام کە لە شوێنی شەومانەوەکەمان ڕاوەستاین، هەگبەکانمان کردەوە، بینیمان زیوی هەریەکەمان لە دەمی هەگبەکەی بوو، بە کێشی تەواوی خۆی، ئێمەش لەگەڵ دەستی خۆمان هێنامانەوە. هەروەها زیوی دیکەشمان لەگەڵ دەستی خۆمان هێناوە بۆ ئەوەی خۆراک بکڕین. ناشزانین کێ زیوەکانمانی خستبووە ناو هەگبەکانمان.» ئەویش پێی گوتن: «نیگەران مەبن، مەترسن. خوداکەی ئێوە و خوداکەی باوکتان هەگبەکانتانی کردە گەنجینە، من زیوەکانی ئێوەم وەرگرتووە.» ئینجا شیمۆنی بۆ هێنانە دەرەوە. پیاوەکە ئەوانی هێنایە ژوورەوە بۆ ماڵەکەی یوسف و ئاوی دانێ هەتا پێیان بشۆن و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان. ئەوانیش دیارییەکەیان ئامادە کرد بۆ کاتی گەیشتنی یوسف لە دەمەو نیوەڕۆ، چونکە بیستبوویان ئەوان لەوێ نان دەخۆن. کە یوسف گەڕایەوە ماڵ، کڕنۆشیان بۆ برد و ئەو دیارییانەیان پێشکەش کرد کە لەگەڵ دەستی خۆیان هێنابوویان بۆ ماڵەکە. ئەویش هەواڵی پرسین و گوتی: «باوکە پیرەکەتان چۆنە کە بۆتان باسکردم؟ ئایا هێشتا ماوە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکاری خۆت باوکی ئێمە باشە و هێشتاش زیندووە.» ئیتر بۆی نوشتانەوە و کڕنۆشیان بۆی برد.
پەیدابوون 43 بخوێنەوە
گوێگرتن لە پەیدابوون 43
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: پەیدابوون 15:43-28
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان