قاتوقڕی لە خاکەکە درێژەی کێشا و هەر سەخت بوو. کاتێک لە خواردنی گەنمەکە بوونەوە کە لە میسرەوە هێنابوویان، باوکیان پێی گوتن: «بگەڕێنەوە و هەندێک خۆراکمان بۆ بکڕن.» بەڵام یەهودا پێی گوت: «ئەو پیاوە بە تەواوی ئاگاداری کردینەوە و گوتی: ”ئەگەر براکەتان لەگەڵ نەبێت، چاوتان بە چاوم ناکەوێت.“ ئەگەر براکەمان لەگەڵ بنێریت ئەوا بەرەو خوار دەچین و خۆراکت بۆ دەکڕین. بەڵام ئەگەر ناینێریت ئەوا بەرەو خوار ناچین، چونکە پیاوەکە پێی گوتین: ”چاوتان بە چاوم ناکەوێت، ئەگەر براکەتان لەگەڵ نەبێت.“» ئیسرائیلیش لێی پرسین: «بۆچی خراپەتان لەگەڵ کردم بەوەی بە پیاوەکەتان ڕاگەیاند برایەکی دیکەشتان هەیە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوەکە دەربارەی خۆمان و کەسوکارمان پرسیاری لێکردین و گوتی: ”ئایا باوکتان ماوە؟ برای دیکەتان هەیە؟“ ئێمەش بەپێی ئەم قسانە پێمان ڕاگەیاند. ئایا دەمانزانی کە پێمان دەڵێت: ”براکەتان بۆ ئێرە بهێنن“؟» یەهودا بە ئیسرائیلی باوکی گوت: «کوڕەکە لەگەڵ من بنێرە، هەڵدەستین و دەڕۆین، ئیتر ئێمە و تۆ و منداڵەکانمان دەژین و نامرین. خۆم دەستەبەری سەلامەتی دەبم، لە دەستی من داوای دەکەیتەوە. ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە و لەبەردەمت ڕام نەگرت ئەوا هەتاهەتایە بەرامبەر بە تۆ تاوانبارم، چونکە ئەگەر ئاوا دوانەکەوتباین، ئێستا ئەمە دووەم جار بوو هاتبووینەوە.» ئیسرائیلی باوکیشیان پێی گوتن: «ئەگەر وایە، ئەوا ئەمە بکەن: لە باشترین بەرهەمی زەوی بخەنە ناو جەواڵەکانتان و بە دیاری بۆ پیاوەکەی ببەن، وەک هەندێک هەتووان، هەنگوین، بەهارات، موڕ، بستە و بادەم. دوو هێندەش زیو لەگەڵ دەستتان ببەن، ئەو زیوەش کە لە دەمی هەگبەکانتان گەڕێنرابووەوە لەگەڵ دەستی خۆتان بیبەنەوە، لەوانەیە هەڵەیان کردبێت. براکەتان ببەن و هەستن بگەڕێنەوە لای پیاوەکە. خودای هەرە بەتوانا وا بکات ئەو پیاوە بەزەیی هەبێت بەرامبەرتان، تاکو واز لە براکەی دیکەتان و بنیامین بهێنێت. منیش ئەگەر لە منداڵان بێبەش بووم، ئەوا لێیان بێبەشم.» پیاوەکانیش ئەو دیارییانە و دوو هێندە زیویشیان لەگەڵ دەستی خۆیان هەڵگرت و بنیامینیان برد و بەرەو خوار چوون بۆ میسر و لەبەردەم یوسف ڕاوەستان. کاتێک یوسف بنیامینی لەگەڵیان بینی، بە سەرکاری ماڵەکەی گوت: «ئەم پیاوانە ببە ماڵەوە و ئاژەڵێکیش سەر ببڕە و ئامادەی بکە، چونکە بۆ نیوەڕۆ لەگەڵ خۆم نان دەخۆن.»
پەیدابوون 43 بخوێنەوە
گوێگرتن لە پەیدابوون 43
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: پەیدابوون 1:43-16
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان