لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 38:41-57

پەیدابوون 38:41-57 KSS

فیرعەون بە دەستوپێوەندەکەی گوت: «ئایا کەسێکی وەک ئەم پیاوەمان دەست دەکەوێت کە ڕۆحی خودای تێدابێت؟» ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لەبەر ئەوەی خودا هەموو ئەمانەی بۆ تۆ ئاشکرا کردووە، لە تۆ وردبینتر و داناتر بوونی نییە. تۆ دەبیتە لێپرسراوی کۆشکەکەی من، هەروەها هەموو گەلەکەشم لە دەمی تۆوە ڕاسپاردە وەردەگرن. من تەنها لە تەختی پاشایەتی لە تۆ گەورەتر دەبم.» ئیتر فیرعەون بە یوسفی گوت: «ئەوا تۆم کردە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.» ئینجا فیرعەون ئەو ئەنگوستیلەیەی لە دەستی خۆی داکەند کە مۆری شاهانەی پێوە بوو و لە دەستی یوسفی کرد، هەروەها جلوبەرگی کەتانی ناسکی لەبەری کرد و تەوقێکی زێڕیشی لە ملی کرد. پاشان سواری گالیسکەی جێگرەکەی کرد و لەپێشیەوە بانگەوازیان کرد: «بە چۆکدا بێن!» ئیتر کردییە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر. ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «من فیرعەونم، بەڵام بەبێ قسەی تۆ کەس لە هەموو خاکی میسر، نە دەستی و نە پێی بەرز ناکاتەوە.» فیرعەون ناوی لە یوسف نا سافنەت پەعنێح، هەروەها ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆنی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. ئیتر یوسف چووە دەرەوە بۆ سەر خاکی میسر. یوسف تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک دەستی کرد بە خزمەتکردنی فیرعەونی پاشای میسر. یوسف لەلای فیرعەون چووە دەرەوە و بە هەموو خاکی میسردا تێپەڕی. زەوی لە حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکەدا، بەروبوومێکی زۆری دا. یوسف هەموو خۆراکی ئەو حەوت ساڵەی خاکی میسری کۆکردەوە. لە هەموو شارێکدا ئەو خۆراکانەی دانا کە لە کێڵگەکانی دەوروبەری کۆ دەکردەوە. یوسف وەک لمی دەریا گەنمی کۆکردەوە، ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر وازی لە هەژماردکردنیان هێنا، چونکە لە ژماردن نەدەهاتن. پێش هاتنی ساڵانی قاتوقڕییەکە، یوسف لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن دوو کوڕی بوو. یوسف کوڕە نۆبەرەکەی ناو نا مەنەشە و گوتی: «ئەم ناوەم لێنا، چونکە خودا هەموو ماندووبوونم و هەموو ماڵی باوکمی لەبیر بردمەوە.» دووەمیشیانی ناو نا ئەفرایم و گوتی: «ئەم ناوەم لێنا، چونکە خودا لە خاکی زەلیلیمدا بەرداری کردم.» حەوت ساڵە تێروتەسەلییەکەی خاکی میسر، کۆتایی پێهات. ئینجا هەروەک یوسف گوتبووی، حەوت ساڵی قاتوقڕییەکە دەستی پێکرد. قاتوقڕی هەموو زەوی گرتبووەوە، بەڵام لە هەموو خاکی میسردا نان هەبوو. کاتێک قاتوقڕییەکە کاریگەری لە هەموو میسر کرد، خەڵکەکە هاواریان بۆ فیرعەون برد بۆ نان. فیرعەونیش بە هەموو میسرییەکانی گوت: «بڕۆنە لای یوسف، ئەوەی ئەو پێتان دەڵێت بیکەن.» قاتوقڕییەکە تەواوی ڕووی خاکەکەی گرتەوە، ئینجا یوسف هەموو ئەمبارەکانی کردەوە و بە میسرییەکانی فرۆشت. قاتوقڕییەکە لە خاکی میسردا توندتر بوو. خەڵکی لە هەموو لایەکی جیهانەوە هاتن بۆ میسر تاکو گەنم لە یوسف بکڕن، چونکە قاتوقڕییەکە لە هەموو شوێنێکدا توند بوو.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان