براکانی یوسف بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکیان، چوون بۆ دەوروبەری شەخەم. ئیسرائیلیش بە یوسفی گوت: «تۆ دەزانیت کە براکانت لە دەوروبەری شەخەم خەریکی لەوەڕاندنن. وەرە با بتنێرمە لایان.» ئەویش گوتی: «باشە.» ئینجا پێی گوت: «بڕۆ و بزانە براکانت سەلامەتن و مەڕەکانیش سەلامەتن، ئینجا وەرەوە و هەواڵم بدەرێ.» ئیتر یوسفی لە دۆڵی حەبرۆنەوە نارد. کە یوسف چوو بۆ شەخەم، پیاوێک بینییەوە و بینی وا لە چۆڵەوانی ون بووە، پرسیاری لێکرد: «ئەوە بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟» ئەویش گوتی: «بەدوای براکانمدا دەگەڕێم. پێم بڵێ لەکوێ خەریکی لەوەڕاندنی مەڕەکانن؟» پیاوەکەش گوتی: «لێرە ڕۆیشتن، چونکە گوێم لێیان بوو گوتیان: ”با بچینە دوسان.“» یوسفیش بەدوای براکانیدا چوو، ئەوانی لە دوسان بینییەوە. بەڵام لە دوورەوە بینییان و پێش ئەوەی لێیان نزیک بێتەوە، پیلانیان بۆی دانا بۆ ئەوەی بیکوژن. ئیتر بە یەکتریان گوت: «وا خاوەنی خەونەکان دێت! دەی با ئێستا بیکوژین و فڕێیبدەینە یەکێک لەم ئەمباراوانە و دەڵێین گیاندارێکی دڕندە خواردی. ئینجا با ببینین خەونەکانی چییان لێدێت.» کە ڕەئوبێن گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا لە دەستیان ڕزگاری بکات. بۆیە گوتی: «با نەیکوژین!» ئینجا ڕەئوبێن پێی گوتن: «خوێن مەڕێژن. فڕێیبدەنە ناو ئەم ئەمباراوە کە لە چۆڵەوانییە بەڵام دەستی لێ مەدەن.» ڕەئوبێن ئەمەی گوت بۆ ئەوەی لە دەستیان فریای بکەوێت و بیگەڕێنێتەوە لای باوکی. ئیتر کە یوسف هاتە لای براکانی، کەوا درێژە ڕەنگینەکەیان لەبەری دادڕاند، ئینجا بردیان و فڕێیاندایە ناو ئەمباراوەکە، کە بەتاڵ بوو و ئاوی تێدا نەبوو. دوای ئەوەی کە دانیشتن بۆ نانخواردن، چاویان هەڵبڕی و بینییان وا کاروانی ئیسماعیلییەکان لە گلعادەوە دێت، کە وشترەکانیان باری بەهارات و هەتووان و موڕیان پێیە و بەرەو میسر دەڕۆن. ئینجا یەهودا بە براکانی گوت: «چ سوودێکی هەیە براکەی خۆمان بکوژین و خوێنەکەی بشارینەوە؟ وەرن با بە ئیسماعیلییەکانی بفرۆشین و دەستی لێ نەدەین، چونکە برامانە و لە گۆشت و خوێنمانە.» براکانیشی بە قسەیان کرد. کاتێک بازرگانە میدیانییەکان گەیشتن، براکانی یوسفیان لە ئەمباراوەکە هێنایە دەرەوە و بە بیست شاقل زیو بە ئیسماعیلییەکانیان فرۆشت. ئەوانیش یوسفیان بۆ میسر برد. ئینجا ڕەئوبێن گەڕایەوە لای ئەمباراوەکە و سەیری کرد یوسف لە ئەمباراوەکە نەبوو، ئیتر جلەکانی بەری خۆی دادڕی. گەڕایەوە لای براکانی و گوتی: «کوڕەکە لەوێ نەماوە! من بۆ کوێ بچم؟» ئەوانیش گیسکێکیان سەربڕی و کەواکەی یوسفیان هێنا و لە خوێنیان هەڵکێشا. ئینجا کەوا ڕەنگینەکەیان بۆ باوکیان هێنایەوە و گوتیان: «ئەمەمان دۆزیوەتەوە، لێی وردبەرەوە و بزانە کەوای کوڕەکەتە یان نا؟» ئەویش لێی ورد بووەوە و گوتی: «کەوای کوڕەکەمە! گیاندارێکی دڕندە خواردوویەتی، یوسفی پارچەپارچە کردووە.» ئیتر یاقوب جلەکانی بەری خۆی دادڕی و جلوبەرگی گوشی پۆشی و ماوەیەکی زۆر شیوەنی بۆ کوڕەکەی گێڕا. ئینجا هەموو کوڕ و کچەکانی هەستان چوونە لای بۆ دڵدانەوەی، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە دڵی بدرێتەوە و گوتی: «بە لاواندنەوە دادەبەزمە لای کوڕەکەم بۆ ناو جیهانی مردووان.» ئیتر باوکی دایە پڕمەی گریان بۆی. هەر لەو ماوەیەدا میدیانییەکان لە میسر یوسفیان فرۆشت بە پۆتیفەر، کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکان بوو.
پەیدابوون 37 بخوێنەوە
گوێگرتن لە پەیدابوون 37
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: پەیدابوون 12:37-36
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان