لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:32-21

پەیدابوون 1:32-21 KSS

یاقوبیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و فریشتەکانی خودا بەرەوپیری هاتن. کاتێک یاقوب ئەوانی بینی، گوتی: «ئەمە لەشکری خودایە.» ئیتر ئەو شوێنەی ناو نا مەحەنەیم. یاقوب لەپێش خۆیەوە نێردراوی ناردە لای عیسۆی برای بۆ خاکی سێعیر لە وڵاتی ئەدۆم. فەرمانی پێدان و گوتی: «ئاوا بە عیسۆی گەورەم ڕادەگەیەنن: ”یاقوبی خزمەتکارت دەڵێت ئاوارەی لای لابان بووم و هەتا ئێستاش لەلای ئەو نیشتەجێ بووم. بووشم بە خاوەنی گا و گوێدرێژ، مەڕ و بزن، خزمەتکار و کەنیزە. ئەوا ناردیشمە لای گەورەی خۆم هەتا پێی ڕابگەیەنم، بۆ ئەوەی لەبەرچاوی تۆ پەسەند بم.“» نێردراوەکان گەڕانەوە لای یاقوب و گوتیان: «چووینە لای عیسۆی برات. وا بە چوار سەد پیاوەوە دێت بۆ لات.» بەمە یاقوب ترسێکی گەورەی لێ نیشت و پەرێشان بوو. ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون لەگەڵ مەڕ و مانگا و وشترەکان دابەشی کردن بۆ دوو لەشکر. گوتی: «ئەگەر عیسۆ هاتە سەر لەشکرێکیان و لێیدا، ئەوا لەشکرەکەی دیکە دەمێنێتەوە بۆ دەربازبوون.» ئینجا یاقوب لە خودا پاڕایەوە و گوتی: «ئەی خودای ئیبراهیم و ئیسحاقی باوکم، ئەو یەزدانەی کە پێی فەرمووم: ”بگەڕێوە خاکی خۆت و بۆ لای کەسوکارەکەت، باش دەبم لەگەڵت.“ من شایستەی ئەو هەمووە خۆشەویستییە نەگۆڕ و دڵسۆزییە نیم کە لەگەڵ خزمەتکارەکەی خۆتدا کردووتە. بە خۆم و گۆچانەکەمەوە لەم ڕووباری ئوردونە پەڕیمەوە، بەڵام ئێستا بوومەتە دوو لەشکر. لە چنگی عیسۆی برام فریام بکەوە، چونکە دەترسم بێت و هێرش بکاتە سەر من و دایک و منداڵەکان. بەڵام تۆ خۆت فەرمووت: ”باش دەبم لەگەڵت و نەوەکەت وەک لمی دەریا لێ دەکەم، کە لەبەر زۆری لە ژماردن نەیێت.“» ئیتر ئەو شەوەی لەوێ بەسەربرد، لەوەشی لەگەڵ دەستی خۆیدا هێنابووی، ئەم دیارییانەی بۆ عیسۆی برای هەڵبژارد: دوو سەد بزن و بیست تەگە، دوو سەد مەڕ و بیست بەران، سی وشتری مێی شیردەر بە بەچکەکانیانەوە، چل مانگا و دە گا لەگەڵ بیست ماکەر و دە نێرەکەر. هەموو ئەمانەی مێگەل مێگەل بە جیا دایە دەست خزمەتکارەکانی و پێی گوتن: «پێشم بکەون و بواریش بخەنە نێوان مێگەلەکانەوە.» فەرمانیشی بەوەی یەکەمیان دا و گوتی: «ئەگەر عیسۆی برام پێت گەیشت و لێی پرسیت: ”سەر بە کێیت و بۆ کوێ دەچیت، ئەوەی لەپێشتەوەیە هی کێیە؟“ دەڵێیت: ”هی یاقوبی خزمەتکارتن. دیارییە و نێردراوە بۆ عیسۆی گەورەم، خۆی لەدوای ئێمەوە دێت.“» هەروەها فەرمانی دا بە دووەمیان و سێیەمیان و هەموو ئەوانەی بەدوای مێگەل و گاگەلەکاندا دەڕۆیشتن، پێی گوتن: «ئێوەش کاتێک عیسۆتان بینی، هەمان شتی پێ بڵێن. هەروەها بیرتان نەچێت بڵێن: ”یاقوبی خزمەتکارت لەدوای ئێمە دێت.“» یاقوب بیری کردەوە و گوتی: «بەم دیارییەی کە لەپێش خۆمەوە دەینێرم ئاشتی دەکەمەوە، دوای ئەمە ڕووبەڕووی دەبمەوە، بەڵکو قبوڵم بکات.» ئیتر دیارییەکان پێش خۆی کەوتن، بەڵام خۆی ئەو شەوەی لە ئۆردوگاکە بەسەربرد.