لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:27-10

پەیدابوون 1:27-10 KSS

کاتێک ئیسحاق پیر بوو و چاوەکانی نەیدەبینی، عیسۆی کوڕە گەورەی خۆی بانگکرد و پێی گوت: «کوڕی خۆم.» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.» ئیسحاق گوتی: «ئەوا پیر بووم و ڕۆژی مردنی خۆم نازانم. ئێستاش چەکەکەت و تیردانەکەت و کەوانەکەت هەڵبگرە و بڕۆ لە دەشتودەر نێچیرێکم بۆ ڕاو بکە. ئەو خواردنەی حەزم لێیەتی بۆم ئامادە بکە و بیهێنە تاکو بیخۆم، بۆ ئەوەی بەر لەوەی بمرم داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.» ڕڤقە گوێی لێبوو کاتێک ئیسحاق قسەی لەگەڵ عیسۆ دەکرد. ئینجا عیسۆ چوو بۆ دەشتودەر تاکو نێچیرێک ڕاو بکات و بیهێنێتەوە. ڕڤقە لەگەڵ یاقوبی کوڕی قسەی کرد و گوتی: «گوێم لە باوکت بوو قسەی لەگەڵ عیسۆی برات دەکرد و گوتی: ”نێچیرێکم بۆ بهێنە و خواردنم بۆ ئامادە بکە، بەر لە مردنم دەیخۆم و لەبەردەم یەزدان داوای بەرەکەتت بۆ دەکەم.“ ئێستاش، کوڕی خۆم، باش گوێم لێ بگرە و ئەوە بکە کە پێت دەڵێم: بڕۆ لەلای مێگەلەکە دوو گیسکی ناسکم بۆ بهێنە، تاکو بەو جۆرە بۆ باوکتی ئامادە بکەم کە حەزی لێیەتی. ئینجا بۆ باوکتی دەبەیت و دەیخوات، بۆ ئەوەی بەر لە مردنی داوای بەرەکەتت بۆ بکات.»