لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:26-11

پەیدابوون 1:26-11 KSS

ئینجا جیا لەو قاتوقڕییەی کە یەکەم جار لە سەردەمی ئیبراهیمدا ڕوویدا، قاتوقڕییەکی دیکە لە خاکەکە سەریهەڵدا. ئیسحاقیش چوو بۆ لای ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە گرار. یەزدان بۆ ئیسحاق دەرکەوت و فەرمووی: «مەچووە میسر، بەڵام لەو خاکە نیشتەجێ بە کە خۆم پێت دەڵێم. بۆ ماوەیەک لەم خاکە بمێنەوە، خۆم لەگەڵت دەبم و بەرەکەتدارت دەکەم، چونکە هەموو ئەم خاکانە دەدەمە خۆت و نەوەکەت، ئەو سوێندەش دەچەسپێنم کە بۆ ئیبراهیمی باوکتم خواردووە. نەوەشت زۆر دەکەم، وەک ئەستێرەکانی ئاسمان، هەموو ئەم خاکەشم داوەتە نەوەکەت، لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن. لەبەر ئەوەی ئیبراهیم گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەم بوو، داواکاری و فەرمان و فەرز و فێرکردنی منی بەجێهێنا.» ئیتر ئیسحاق لە گرار نیشتەجێ بوو. پیاوانی ئەو شوێنە دەربارەی ژنەکەی پرسیاریان لێکرد، ئەویش گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئیسحاق ترسا لەوەی پێیان بڵێت «ژنمە،» چونکە گوتی، «نەوەک پیاوانی شوێنەکە لەبەر ڕڤقە بمکوژن، چونکە جوانە.» کاتێک ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە، ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی دەکرد، بینی وا ئیسحاق لەگەڵ ڕڤقەی ژنی خەریکی دەستبازییە. ئینجا ئەبیمەلەخ بەدوای ئیسحاقدا ناردی و گوتی: «کەواتە ئەو ژنتە! ئەی چۆن گوتت: ”ئەو خوشکمە“؟» ئیسحاقیش پێی گوت: «چونکە پێم وابوو کە لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بمرم.» ئەبیمەلەخیش گوتی: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ لەوانەیە یەکێک لەم پیاوانە لەگەڵ ژنەکەت سەرجێیی بکردبا، ئەو کاتە ئێمەت تووشی تاوان دەکرد.» ئیتر ئەبیمەلەخ فەرمانی بە هەموو خەڵکەکە کرد و گوتی: «هەرکەسێک دەست ببات بۆ ئەم پیاوە یان ژنەکەی بێگومان دەکوژرێت.»