لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:22-14

پەیدابوون 1:22-14 KSS

لەدوای ماوەیەک خودا ئیبراهیمی تاقیکردەوە. پێی فەرموو: «ئیبراهیم!» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» ئینجا خودا فەرمووی: «ئیسحاقی کوڕە تاقانەت، ئەوەی کە خۆشت دەوێت، ببە و بڕۆ بۆ خاکی مۆریا. لەوێ لەسەر یەکێک لە کێوەکان کە خۆم پێت دەڵێم، بیکە بە قوربانی سووتاندن.» بۆ بەیانی ئیبراهیم زوو لە خەو هەستا و گوێدرێژەکەی کورتان کرد. لەگەڵ خۆیدا دووان لە خزمەتکارەکانی و ئیسحاقی کوڕی برد. دوای بڕینەوەی دار بۆ قوربانی سووتاندن، هەستا و بەرەو ئەو شوێنە چوو کە خودا پێی فەرمووبوو. لە ڕۆژی سێیەم ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و لە دوورەوە شوێنەکەی بەدی کرد. ئیتر بە دوو خزمەتکارەکەی گوت: «ئێوە لێرە لەگەڵ گوێدرێژەکە دانیشن، من و کوڕەکەش هەتا ئەوێ دەچین، کڕنۆش دەبەین و دەگەڕێینەوە لاتان.» ئیبراهیم داری قوربانی سووتاندنەکەی هەڵگرت و خستییە سەر پشتی ئیسحاقی کوڕی، خۆشی ئاگر و چەقۆکەی هەڵگرت. کاتێک هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن، ئیسحاق بە ئیبراهیمی باوکی گوت: «باوکە!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ها کوڕم؟» ئیسحاق گوتی: «ئەوەتا ئاگرەکە و داری سووتاندنەکە، ئەی کوا بەرخەکە کە بۆ قوربانی سووتاندنەکەیە؟» ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «خودا خۆی بەرخی قوربانی سووتاندنەکە دابین دەکات، کوڕم.» ئیتر هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن. کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی کە خودا پێی فەرمووبوو، ئیبراهیم قوربانگایەکی دروستکرد و دارەکانی لەسەر ڕێکخست. ئینجا ئیسحاقی کوڕی بەستەوە و خستییە سەر دارەکانی سەر قوربانگاکە. ئیتر ئیبراهیم دەستی درێژکرد و چەقۆکەی هەڵگرت تاکو کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت. بەڵام فریشتەی یەزدان لە ئاسمانەوە بانگی کرد و گوتی: «ئیبراهیم! ئیبراهیم!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.» پێی گوت: «دەست بۆ کوڕەکە مەبە و هیچی لێ مەکە. ئێستا دەزانم تۆ لە خودا دەترسیت، چونکە لە پێناوی من دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت.» ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و بینی وا بەرانێک لەدوایەوە لەناو دەوەنەکە بە هەردوو قۆچی گیربووە. ئیبراهیم چوو و بەرانەکەی گرت و لە جیاتی کوڕەکەی کردییە قوربانی سووتاندن. ئیتر ئیبراهیم ئەو شوێنەی ناو نا، «یەزدان دابینی دەکات». هەتا ئەمڕۆش دەگوترێت، «لەسەر کێوی یەزدان، دابین دەکرێت.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان