لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 9:21-19

پەیدابوون 9:21-19 KSS

بەڵام سارا کوڕەکەی هاجەری میسری بینی کە لە ئیبراهیم بوو، گاڵتەی دەکرد. جا بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم کەنیزەیە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی ئەم کەنیزەیە لەگەڵ ئیسحاقی کوڕی من نابێتە میراتگر.» ئەم بابەتە ئیبراهیمی زۆر ناڕەحەت کرد، چونکە پەیوەندی بە کوڕەکەی ئەوەوە هەبوو. بەڵام خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «ناڕەحەتی کوڕەکە و کەنیزەکەت مەبە. هەرچی سارا پێت دەڵێت بە قسەی بکە، چونکە نەوەی تۆ لە ڕێگەی ئیسحاقەوە ناودەبردرێت. هەروەها لە کوڕی کەنیزەکەشەوە نەتەوەیەک دروست دەکەم، چونکە وەچەی تۆیە.» ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و نان و مەشکەیەک ئاوی هێنا و خستییە سەر شانی هاجەر و لەگەڵ کوڕەکە بەڕێی کرد. ئەویش ڕۆیشت و لە چۆڵەوانی بیری شابەع سەرگەردان بوو. کە مەشکەکە ئاوی تێدا نەما، کوڕەکەی لەژێر دەوەنێک دانا. ئینجا ڕۆیشت و لە دوورەوە لە دووری تیرهاوێژێک بەرامبەری دانیشت، چونکە گوتی: «ناتوانم بە چاوی خۆم مەرگی کوڕەکەم ببینم.» ئیتر بەرامبەری دانیشت و بە دەنگی بەرز دەستی کرد بە گریان. خودا دەنگی کوڕەکەی بیست و فریشتەی خودا لە ئاسمانەوە هاجەری بانگکرد و پێی فەرموو: «چیتە هاجەر؟ مەترسە، خودا دەنگی کوڕەکەی بیست لەو شوێنەی لێی دانراوە. هەستە، کوڕەکە هەڵبگرە و دەستی بگرە، چونکە دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.» ئینجا خودا هەردوو چاوی هاجەری کردەوە، ئەویش بیرێکی ئاوی بەدی کرد. ئیتر چوو مەشکەکەی پڕکرد لە ئاو و ئاوی دایە کوڕەکە.