لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 8:2-20

پەیدابوون 8:2-20 KSS

ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش پیاوەکەی دانا کە دروستی کردبوو. یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد. درەختی ژیانیش لە ناوەڕاستی باخچەکەدا بوو، هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە. ڕووبارێک لە عەدەنەوە سەرچاوە دەگرێت و لەبەری دەڕوات بۆ ئاودانی باخچەکە، لەوێوە دەبێت بە چوار لقەوە: ناوی یەکەمیان پیشۆنە کە بە هەر چوار لای هەموو زەوی حەڤیلادایە، کە زێڕی لێیە. زێڕی ئەو زەوییە چاکە، هەروەها سرێشی داری بۆن خۆش و بەردی عاشقبەندیشی لێیە. ناوی ڕووباری دووەمیان گیحۆنە، کە بە شێوەی پێچاوپێچ بە هەموو خاکی کوشدا دەڕوات. ناوی ڕووباری سێیەم دجلەیە، ئەمیش بە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەشووردا دەڕوات. ڕووباری چوارەمیش فوراتە. یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی. یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: «تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت، بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە ئەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.» یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت. یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.» یەزدانی پەروەردگار هەر لە خۆڵی زەوی هەموو ئاژەڵی کێوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمانی دروستکرد. ئینجا بۆ پیاوەکەی هێنا بۆ ئەوەی ببینێت چ ناوێکیان لێ دەنێت، هەر ناوێک کە پیاوەکە لە هەریەک لەم بوونەوەرە زیندووانەی نا، ئەوە ناوەکەی بوو. پیاوەکە ناوی لە هەموو ئاژەڵی ماڵی و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی کێوی نا. بەڵام بۆ پیاوەکە هیچ یاریدەرێکی هاوشان نەدۆزرایەوە.