لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:17-14

پەیدابوون 1:17-14 KSS

کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە. پەیمانی خۆم لەنێوان خۆم و تۆدا دەبەستم و زۆر زۆرت دەکەم.» ئەبرام خۆی بە زەویدا دا، خوداش پێی فەرموو: «لەلایەن منەوە، ئەمە پەیمانی منە لەگەڵ تۆ: تۆ دەبیتە باوکی چەندین نەتەوە. ئیتر لەمەودواش ناوت بە ئەبرام ناهێنرێت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیبراهیم، چونکە من تۆم کردووە بە باوکی چەندین نەتەوە. زۆر زۆریش بەردارت دەکەم و چەندین نەتەوەت لێ دروست دەکەم و پاشایانت لێ دەکەوێتەوە. پەیمانەکەم کە پەیمانێکی هەتاهەتاییە لەنێوان خۆم و تۆ و نەوەی تۆدا دەچەسپێنم، کە ببمە خودای تۆ و نەوەکانی تۆ. هەموو خاکی کەنعان، کە ئێستا وەک بێگانەیەک تێیدا نیشتەجێی، بۆ هەتاهەتایە بە موڵکی دەیدەمە تۆ و نەوەکانی تۆ؛ منیش دەبمە خودایان.» ئینجا خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «تۆش لەلای خۆتەوە دەبێت پەیمانەکەم بەجێبهێنیت، خۆت و نەوە لە دوای نەوەشت. ئەمەش پەیمانەکەمە کە بەجێی دەهێنن لەنێوان من و ئێوە و نەوەی دوای خۆت: هەموو نێرینەیەکتان خەتەنە دەکەن. خۆتان خەتەنە دەکەن، کە دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و ئێوە. هەموو نێرینەیەکی هەشت ڕۆژەش لە ئێوە دەبێت خەتەنە بکرێت، لە نەوەکانتان، ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە، یان ئەوەی بە زیو لە بیانی کڕاوە و نەوەی خۆت نییە. دەبێت ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە یان بە زیو کڕاوە بە تەواوی خەتەنە بکرێت، جا پەیمانەکەم لە ئێوەدا پەیمانێکی هەتاهەتایی دەبێت. هەر نێرینەیەکی خەتەنەنەکراویش، کە خەتەنە نەکرابێت، ئەوە لە نەتەوەکەی دادەبڕدرێت، چونکە پەیمانی منی شکاندووە.»