لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عەزرا 5:9-14

عەزرا 5:9-14 KSS

لە کاتی قوربانی ئێوارەدا لە زەلیلکردنی خۆم هەستام و بە کراس و کەوا دڕاوەکەمەوە کەوتمە سەر چۆک و دەستم بۆ یەزدانی پەروەردگارم پانکردەوە و گوتم: «خودایە، من شەرمەزار و سەرشۆڕم لەوەی ڕووم ڕووەو تۆ هەڵبڕم، چونکە تاوانەکانمان لەسەر سەرمان بەرزبوونەوە و خراپەکانمان بۆ ئاسمان بەرزبوونەتەوە. لە سەردەمی باوباپیرانمانەوە هەتا ئەمڕۆ ئێمە لە خراپەیەکی گەورەداین، لەبەر تاوانەکانمان ئێمە و پاشا و کاهینەکانمان دراینە دەست پاشایانی خاکەکان و کەوتینە بەر شمشێر و دیلیێتی و تاڵان و سەرشۆڕی، وەک ئەمڕۆ. «بەڵام ئێستا بۆ ساتێک یەزدانی پەروەردگارمان میهرەبان بوو بەرامبەرمان کە دەربازمان دەکات و سنگێکمان لە پیرۆزگای خۆی دەداتێ، تاکو خودامان چاومان ڕووناک بکاتەوە و لە کاتی کۆیلەییدا هەندێک بمانبووژێنێتەوە. هەرچەندە ئێمە کۆیلەین، بەڵام خودامان لە کۆیلایەتییمان بەجێی نەهێشتین، بەڵکو لەبەردەم پاشاکانی فارس بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشین: ژیانی نوێی پێمان داوە بۆ ئەوەی ماڵی خوداکەمان بنیاد بنێینەوە و کەلاوەکانی نۆژەن بکەینەوە، هەروەها لە یەهودا و ئۆرشەلیم دیوارێکی پێمان داوە. «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، پاش ئەوە چی بڵێین؟ وازمان لە فەرمانەکانت هێنا، ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانت فەرمانت پێدا و فەرمووت: ”ئەو خاکەی دەچنە ناوی تاکو دەستی بەسەردا بگرن، خاکێکی گڵاوە بەهۆی گڵاوی خەڵکەکەیەوە، کە بەهۆی نەریتە قێزەونەکانیان لەمپەڕ بۆ ئەوپەڕی خاکەکەیان پڕ کردووە لە گڵاوی. ئێستاش کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیشیان بۆ کوڕەکانتان مەهێنن. هەرگیز پەیمانی ئاشتی و چاکەیان لەگەڵ مەبەستن، تاوەکو ئێوە بەهێز بن و خێری خاکەکە بخۆن و بۆ هەتاهەتایە بە میرات بۆ کوڕەکانتانی بەجێبهێڵن.“ «هەموو ئەوە بەهۆی کارە خراپەکانمان و بەدکارییە گەورەکانمان بەسەرمان هات. ئەی خودای ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆ لە تاوانەکانمان کەمتر سزات داین و دەربازبوونێکی بەم شێوەیەت بە ئێمە بەخشی. ئایا بگەڕێینەوە و سەرپێچی فەرمانەکانت بکەین و خزمایەتی لەگەڵ ئەو گەلانە بکەین کە ئەم جۆرە نەریتە قێزەونە دەکەن؟ ئایا لێمان تووڕە نابیت و لەناومان نابەیت هەتا ئەوەی هیچ پاشماوە و دەربازبووێکمان نەبێت؟

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان