لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

حزقیێل 1:40-16

حزقیێل 1:40-16 KSS

لە ساڵی بیست و پێنجەمی ڕاپێچکردنمان، لە سەرەتای ساڵ، لە دەی مانگی یەکی ساڵی چواردەیەم لەپاش لێدانی شارەکە، لە هەمان ڕۆژ ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و بۆ ئەوێی بردم. خودا لە چەند بینینێکیدا منی هێنایە خاکی ئیسرائیل و لەسەر کێوێکی زۆر بڵند داینام، لەلای باشوورەوە چەند تەلارێک لە شێوەی شارێکدا بوو. کاتێک منی هێنایە ئەوێ، ئەوەتا پیاوێک دیمەنی وەک بڕۆنز وابوو، پەتێکی کەتان و قامیشێکی پێوانەی بە دەستەوە بوو، لەبەر دەروازەکە وەستابوو. پیاوەکە پێی گوتم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە چاوەکانت سەیر بکە و بە گوێیەکانت ببیستە و مێشکت بخەرە سەر هەموو ئەوەی پیشانی تۆی دەدەم، چونکە لەبەر ئەوەی پیشانت بدرێت تۆ بۆ ئێرە هێنراویت. هەموو ئەوەی دەیبینیت بە بنەماڵەی ئیسرائیلی ڕابگەیەنە.» شوورایەکم بینی کە دەوری تەواوی پەرستگاکەی دابوو. قامیشێکی پێوانەش کە درێژییەکەی شەش باڵی درێژ بوو کە هەر باڵێک، باڵێک و چوار پەنجە بوو. جا ئەستوورایی شووراکەی پێوا کە یەک قامیش بوو و بەرزاییەکەشی یەک قامیش. ئینجا هاتە لای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە. بەسەر پێپلیکانەکانیدا سەرکەوت و بەردەروازەکەی پێوا، درێژییەکەی یەک قامیش بوو. قوژبنەکانی پاسەوانیش یەک قامیش درێژی بوو، یەک قامیشیش پانی، ئەستوورایی دیواری نێوان قوژبنەکانیش پێنج باڵ بوو. بەردەروازەکەش لەلای هەیوانی دەروازەکە و لە ژوورەوە یەک قامیش بوو. ئینجا هەیوانی دەروازەکەی پێوا، درێژییەکەی هەشت باڵ بوو، ئەستوورایی هەر دینگەیەکیشی دوو باڵ بوو، هەیوانی دەروازەکەش ڕووەو پەرستگاکە بوو. قوژبنەکانی دەروازەی لای ڕۆژهەڵاتیش، لە هەر لایەک سێ قوژبن هەبوون، هەرسێکیان هەمان پێوانە بوون. ڕووبەری دیوارەکانی نێوانیشیان لە هەر لایەک وەک یەک بوون. ئینجا پانی داڵانی دەروازەکەی پێوا، دە باڵ بوو، درێژایی دەروازەکەش سێزدە باڵ بوو. لێواری بەردەم قوژبنەکانیش لە هەر لایەک یەک باڵ بوو، قوژبنەکانیش درێژی و پانییەکەی شەش باڵ بوون. ئینجا دەروازەکەی پێوا، لە بنمێچی قوژبنێکەوە بۆ بنمێچی قوژبنەکەی بەرامبەری. دووری لەنێوان دەلاقەی دیواری پشتی قوژبن و دەلاقەکەی بەرامبەری بیست و پێنج باڵ بوو. ڕووبەری ناوبڕەکانیشی هەتا هەیوانی بەرامبەر حەوشەی دەروازەکەی پێوا، درێژایی شەست باڵ بوو. دووری نێوان داڵانی دەروازەکە و کۆتایی هەیوانەکەی پەنجا باڵ بوو. ڕووی ناوەوەی ستارەی سەر قوژبن و ناوبڕە و هەیوانەکەش دەلاقەدار بوو، ڕووی ناوبڕەکانیش نەخشی دار خورما هەبوو.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان