لە ساڵی دوازدەمینی ڕاپێچکردنمان، لە پێنجی مانگی دە، لە ئۆرشەلیمەوە دەربازبووێک بۆ لام هات و گوتی: «شارەکە کەوت.» ئێوارەی پێش گەیشتنی دەربازبووەکە، ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، دەمی کردمەوە، جا کە بەیانی هات بۆ لام دەمم کرابووەوە و چیتر لاڵ نەبووم. ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی کەلاوەکانی خاکی ئیسرائیل قسە دەکەن و دەڵێن: ”ئیبراهیم تەنها کەسێک بوو، بەڵام دەستی بەسەر خاکەکەدا گرت. ئێمە زۆرین و خاکەکە بە ئێمە دراوە کە دەستی بەسەردا بگرین.“ لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: گۆشت بە خوێنەوە دەخۆن، چاوتان بۆ بتەکانتان هەڵدەبڕن و خوێن دەڕێژن، ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟ پشت بە شمشێری خۆتان دەبەستن، شتی قێزەون دەکەن، هەریەکەتان بە ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بوو. ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟“ «پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئەوانەی لە کەلاوەکانن بە شمشێر دەکوژرێن، ئەوانەی لەسەر ڕووی دەشتودەرن دەیانکەمە خۆراکی گیانلەبەران، ئەوانەی لە قەڵا و لە ئەشکەوتەکانن بە دەرد دەمرن. خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، کۆتایی بە شانازی هێزی دێت، چیاکانی ئیسرائیل دەبن بە وێرانەی بێ ڕێبوار. جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، لەسەر هەموو کارە قێزەونەکانیان کە کردوویانە.“ «ئەی کوڕی مرۆڤ، هاونیشتیمانیانت لەپاڵ دیوارەکان و لە بەردەرگای ماڵەکان لەبارەی تۆوە دەدوێن، هەریەکە لەگەڵ براکەی، بە یەکتر دەڵێن: ”وەرن با گوێ لەو قسەیە بگرین کە لەلایەن یەزدانەوە هاتووە.“ هەروەک هەموو کات، گەلەکەم بۆ لات دێن، لەبەردەمت دادەنیشن و گوێ لە قسەکانت دەگرن، بەڵام کاری پێ ناکەن، چونکە تەنها بە دەم پەرۆشی خۆیان بۆ خودا دەردەبڕن، بەڵام بە دڵ بەدوای قازانجی ناڕەوایی خۆیان کەوتوون. لە ڕاستیدا تۆ بۆ ئەوان وەک کەسێکی دەنگ خۆشیت کە باش مۆسیقا دەژەنێت و گۆرانی خۆشەویستی دەڵێتەوە، جا گوێ لە قسەکانت دەگرن و کاری پێ ناکەن. «کەی ئەمە بە ئەنجام گەیشت، بێگومان دەشگاتە ئەنجام، ئەو کاتە دەزانن کە پێغەمبەرێک لەنێویان بوو.»
حزقیێل 33 بخوێنەوە
گوێگرتن لە حزقیێل 33
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: حزقیێل 21:33-33
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان