لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

حزقیێل 1:30-12

حزقیێل 1:30-12 KSS

فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”واوەیلا بکەن، ’ئای بۆ ئەو ڕۆژە!‘ چونکە ڕۆژەکە نزیکە، ڕۆژەکەی یەزدان نزیکە، ڕۆژێکی بە هەورە، کاتی وێرانبوونی نەتەوەکان دەبێت. شمشێرێک دێتە سەر میسر، ترس دێتە سەر کوش. کاتێک کوژراوان لە میسر دەکەون، سامانەکەی دەبردرێت و بناغەکانی دەڕووخێنرێت. کوش و لیبیا، لوود و هەموو عەرەبستان، کووب و نەوەکانی خاکی پەیمان، لەگەڵ میسر بە شمشێرەکە دەکەون. «”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”هاوپەیمانانی میسر دەشکێن و هێزەکەی لەدەست دەدات کە مایەی شانازییەتی، خەڵکەکەشی لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان بە شمشێرەکە دەکوژرێن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. «”وەک خاکەکانی دەوروبەریان چۆڵ دەبن، شارەکانیان لە ڕیزی شارە کاولەکان دەبن. بەوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک ئاگر لە میسر بەردەدەم و هەموو یارمەتیدەرانی تێکدەشکێنرێن. «”لەو ڕۆژەدا، نێردراوان بە سواری کەشتی لەلای منەوە دێن بۆ تۆقاندنی کوشی لەخۆڕازی، ئینجا لە ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێتە سەریان، چونکە ئەوەتا دێت. «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”من ئاپۆرەی سوپای میسر لەناودەبەم، بە دەستی نەبوخودنەسری پاشای بابل. ئەو بە خۆی و بە لەشکرەکەیەوە دڕندەترینی نەتەوەکانن، بۆ کاولکردنی خاکەکە دەهێنرێن، جا شمشێرەکانیان بۆ سەر میسر هەڵدەکێشن، خاکەکە پڕ دەکەن لە کوژراو. چەمەکانی نیل وشک دەکەم و خاکەکە دەفرۆشم بە خراپەکاران، بە دەستی بێگانان خاکەکە و هەرچی تێیدایە کاولی دەکەم. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان